Ömer Yasin Ergin
05 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2022
دیاربەکر - AA
هەشت ساڵ بەسەر رووداوەکانی شەش-حەوتی تشرینی دووەمدا تێدەپەڕێت کە بە پاساوی کۆبانێ دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی هەدەپە داوای لە خەڵک کرد بڕژێنە سەر شەقام و لە ئاکامی پەنابردنە بەر توندوتیژی لەلایەن لایەنگرانی رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/پەکەکەوە، دوو پۆلیس شەهیدبوون و ٣٥ کەس گیانیان لەدەست دا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کۆی کردوونەتەوە، دوای بانگهێشتەکەی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی هەدەپە لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لایەنگرانی یەپەگە/پەکەکە لە ١٣١ ناوچەی نیشتەجێبوون، ٩٦ شارۆچکە و ٣٥ پارێزگا کە زۆربەیان لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵون لە رێککەوتی ٦ بۆ ٩ی تشرینی یەکەم بەربەستیان دانا و رێگاکانیان داخست.
لە رووداوەکاندا چەک، مۆلۆتۆف، بەرد و دار بەکار هێندراون و زیان بە دامودەزگا گشتییەکان، ماڵی هاووڵاتییان، شوێنکار و ئۆتۆمبێلەکان گەیەندرا. لە ئاکامی رووداوە توندوتیژییەکاندا، دوو پۆلیس شەهیدبوون و ٣٥ هاووڵاتیی گیانیان لەدەست دا کە لەنێویاندا یاسین بۆرو و سێ لە هاوڕێکانی هەبوون کە بە بۆنەی جەژنی قوربان بەشە خێری گۆشتی قوربانییان بەسەر هەژاراندا دابەش دەکرد، هەروەها ٧٦١ کەس برینداربوون کە ٤٣٥یان هاووڵاتیی مەدەنی و ٣٢٦یان کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بوون.

لە میانی رووداوەکاندا، ٣٧ تاوانی "کوشتنی مرۆڤ"، ٢٩ تاوانی "هەوڵدان بۆ کوشتنی مرۆڤ"، سێ هەزار و ٧٧٧ تاوانی "زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵ"، ٢٥ تاوانی "دەستبەسەرداگرتن"، ٣٩٥ تاوانی "دزیی"، ١٥ تاوانی "تاڵانکاری"، ٣٠٨ تاوانی "پێشێلکاری پارێزبەندی شوێنکار و ماڵ"، ١٣ تاوانی "سووتاندنی ئاڵای تورکیا"، حەوت تاوانی "بەرهەڵستی یاسای پاراستنی ئەتاتورک" ئەنجام دران.
لە کاتێکدا لە ئاکامی ئەم کارە توندوتیژانەوە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن لیرە زیان بەر دەوڵەت کەوت، دەوڵەت نزیکەی بە پێدانی ٥٠ ملیۆن لیرە قەرەبووی ئەو دوکاندارانەی کردەوە کە زیانیان بەرکەوتبوو.
ئەم رووداوانە کە زیانیان بە ئاسایشی و ئارامی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو گەیاند، هەروەها جگە لە زیانە ماڵی و گیانییەکان، بووە هۆی ئەوەی گورزێکی توند بەر کەرتی گەشتیاریی و ئابووریی بکەوێت لە ناوچەکە.
- یاسین بۆرو و هاوڕێکانی بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران
یاسین بۆرو و هەریەک لە هاوڕێکانی حەسەن گۆکگوز، ئەحمەد داکاک و ریات گونەش کە بەشە خێری گۆشتی قوربانییان لە دیاربەکر بەسەر خانەوادە هەژارەکاندا دابەش دەکرد، لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە بە چەک، بەرد، دار و ئامێری بڕەر پەلامار دران و لە نهۆمی سێیەمی ئەو باڵەخانەیەدا کوژران کە پەنایان بۆ بردبوو.
دواتر تەرمی ئەو گەنجانە هەڵدرایە خوارەوە کە ئەشکەنجە درابوون. سەری ئەحمەد داکاک بە بەرد پان کرابووەوە، بە ئۆتۆمبێل بۆروی تەمەن ١٦ ساڵ شێلدرا. تەرمی ئەو گەنجانە سووتێندرا و بە جۆرێکیان لێ هاتبوو کە نەدەناسرانەوە، کەسوکاری ئەو گەنجانە بە زەحمەت تەرمەکانیان ناسینەوە. یوسف ئەر کە بە رێکەوت رزگاری ببوو و بە چاوی خۆی کوشتنی هاوڕێکانی بەو شێوە دڕندانە بینیبوو، باری دەروونی تێکچوو و لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی دیاربەکر چارەسەری بۆ کرا.
- ٢١ قوتابخانە زیانیان بەرکەوت
لە دێرسم دوو، لە مێرسین سێ، لە دیاربەکر ٣٤، لە شرنەخ ١٣، لە باتمان چوار، لە ئورفا ١٩، لە بەدلیس هەشت، لە بورسا دوو، لە ماردین ٣٦، لە مووش شەش، لە ئیستانبوڵ ١١، لە بینگۆل دوو، لە هەکاری ٢٨، لە سێرت ١٣، لە وان ١٨، لە عەنتاب یەک و لە ئادیامەن یەک قوتابخانە بەهۆی هێرشی لایەنگرای رێکخراوی تیرۆریستییەوە زیانیان بەرکەوت. دوای ماوەیەکی کەم قوتابخانەکان نۆژەن کرانەوە و بە رووی خوێندندا کرانەوە.
- ئاگریان لە مۆزەخانەکان بەردا
هەروەها مۆزەخانەی زیا گۆکئاڵپ کە لە میانی خۆپیشاندانە نایاسایییەکان لە دیاربەکر لەلایەن تیرۆریستانی پەکەکەوە سووتێندرا، بەپێی پڕۆتۆکۆڵی نێوان وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی و یەکێتیی ئەجێنداکانی گەشتیاریی تورکیا نۆژەن کرایەوە.
کارەکانی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی مۆزەخانەکە کە بە سپۆنسەری یەکێتیی ئەجێنداکانی گەشتیاریی تورکیا ئەنجام درا، یەک ملیار و ٨١٤ هەزار لیرەی تێچوو کە لە ٢٠١٦ تەواو کرا، بۆ نمایش پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیای تیادا بەکار هاتووە و رادەستی وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی کراوەتەوە.
مۆزەخانەکە کە لەلایەن وەزارتی کولتوور و گەشتیاریی تورکیا بڕی یەک ملیۆن و ٤٩٠ هەزار لیرەی بۆ تەرخانکرابوو، جارێکی دیکە پێشوازیی لە سەردانیکەران کردەوە.
- لەو کاتەدا ٣٨٦ کەس بەند کران
دوای رووداوەکان لێكۆڵینەوە لەگەڵ زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ گومانلێکراو دەستی پێ كرد.
لە کۆی ٨٩٤ دەستبەسەرکراو، ٣٨٦یان بەندکران و ٢٤٤ لە گومانلێکراوانیش بە مەرجی چاودێریکردن لەلایەن دادگاوە، ئازاد کران.
- برینەکان بە دەستی دەوڵەت ساڕێژ کران
سهرۆكوهزیرانی ئهو کاتە، قەرەبووی زیانەکانی هاووڵاتییان و کاسبکارانی کردەوە.
قوتابخانە و باڵەخانە گشتییەکان کە لە کاتی رووداوەکاندا، زیانیان بەرکەوتبوو بە هاوکاری دەوڵەت نۆژەنکرانەوە.
بە بڕی نزیکەی ٥٠ ملیۆن لیرە، یارمەتی پێشکەش بەو کاسبکارانە کرا کە لە رووداوەکاندا زیانیان بەرکەوتبوو.
- دۆسیەی تایبەت بە کوشتنی یاسین بۆرو و هاوڕێکانی
بەتۆمەتی کوشتنی یاسین بۆرو، ئەحمەد داکاک، ریات گونەش و حەسەن گۆکگوز لە خۆپیشاندانێکی بێ مۆڵەتدا لە دیاربەکر، لە کۆی ٤١ تۆمەتبار ١٦یان سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندرا.
دادگا سزای ١١٠ ساڵ زیندانی بەسەر شەش منداڵدا سەپاند کە هەریەکەیان راکێشرابوونە ناو تاوانەوە. هەروەها تۆمەتباران بە تاوانەکانی وەک "هەوڵی کوشتن"، "پێشێلکردنی پارێزبەندی نیشتەجێبوون"، "بانگەشەکردن بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستی" سزا دران.
جارێکی دیکە دانیشتن لەبارەی دۆسیەی تایبەت بە کوشتنی یاسین بۆرو کرا، چونکە بۆرو لە کاتی رووداوەکەدا، تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵان بوو.
لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ژووری سزادانی ١٦مینی دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە، ئاماژە بەوە کرا کە یاسین بۆرو لە کاتی رووداوەکەدا، تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵان بووە، هەروەها ئەوە خرایەڕوو کە ئەو تۆمەتبارانەی کە بە "کوشتن بەشێوەیەکی بێبەزەییانە" سزادراون وا هەڵسەنگێندرێت کە ئەم تاوانەیان "دژی منداڵێک" ئەنجامداوە.
لە دووبارە دادگاییکردنەکەدا، ١٥ تۆمەتبار بە سزای هەتاهەتایی قورس بەتۆمەتی "کوشتنی منداڵێک بەشێوەیەکی بێبەزەییانە" سزادران، هەروەها سێ کەس لە تۆمەتباران کە لە بەرواری رووداوەکە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە بوون سزای ٢٣ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا، هەروەها دەرکەوت کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان بێتاوانە.
- دادگاییکردنی ١٠٨ تۆمەتبار لە دۆسیەی تایبەت بە رووداوەکان بەردەوامە
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی سەرۆکایەتیی داواکاریی کۆماریی ئەنقەرە لە خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەکان کە بە بیانووی کۆبانی لە شەش-حەوتی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ رێکخرابوو، بڕیاردرا لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠١٩ هاوسەرۆکەکانی پێشووی هەدەپە، سهڵاحهددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ شەنۆئۆغڵو دەستگیربکرێن.
لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكاندا، لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ فەرمانی دەستبەسەركردن بۆ ٨٢ گومانلێکراو دەرچوو. لە ئۆپەراسیۆنەکاندا کە لە حەوت پارێزگا بەڕێوەچوو، ٢٠ گومانلێکراو لەلایەن تیمەکانی دژە تیرۆرەوە دەستگیرکران. هەریەک لە سەرۆکی شارەوانی قەرس، ئایهان بیلگەن، نازمی گور، ئایلا ئاکات ئەتا، ئەمینە ئاینا، ئەمینە بەیزا ئوستون، بیرجان یۆڕوڵماز، بولەنت باڕماکسز، جان مەمیش، دیلەک یاغز، گونای کوبیلای، زەکی چەلیک، عەلی ئورکوت، پەرڤین ئۆدونجو، ئاڵپ ئاڵتنۆرس، بەرفین ئۆزگو کۆسە، جهان ئەردال و ئیسماعیل شەنگون سزای زیندانییان بۆ دەرچوو، هاوکات سێ لە گومانلێکراوان بە مەرجی چاودێریکردن لەلایەن دادگاوە، ئازاد کران.
دادگاییکردنی ١٠٨ تۆمەتبار کە بەشێکیان هەڵاتبوون، لە ٢٢هەمین دادگای باڵای سزا قورسەکانی ئەنقەرە بەردەوامە.
لەو سکاڵانامەیەدا کە تۆمەتبارەکان بە بەرپرسیار دەزانرێن، داواکراوە سەرجەم تۆمەتباران سزای ٣٨ جار زیندانی هەتاهەتایی قورسیان بەسەردا بسەپێنرێت.