Seval Ocak Adıyaman
05 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە پرسی باڵاپۆشی رایگەیاند "ئەم پرسەمان لە رۆژەڤی وڵات لابردووە کە سەردەمانێک گەیشتبووە ئاستی ستەمکاریی".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە دەستیان بە شەشەمین و دوایین ساڵی یاسادانان کردووە لە ٢٧مین خولی پەرلەماندا و، هیوای سەرکەوتنی بۆ پەرلەمانتاران خواست.
سەرکۆماری تورکیا باسی لە پرسی باڵاپۆشی کرد لە رایگەیاند ''تورکیا رۆژانێکی بەخۆوە بینی کە پەرلەمانتاران ئیدانەی چوونە ناو پەرلەمانیان دەکرد بە سەرپۆشەوە. ئەمڕۆ کێشەیەکی لەو شێوەیە هەیە؟ نەخێر''.
گوتیشی: ''سوپاس بۆ خوا لە سایەی ئەو خەبات و چاکسازیەی ئەنجامماندا، ئەمڕۆ بابەتێک نییە بە ناوی سەرپۆش لە رۆژەڤی تورکیادا''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە بەشێوەیەکی گشتی پێویستە پۆشینی جۆری جلوبەرگ و بە تایبەتش سەرپۆش، نەکرێتە بابەتی یاسا و دەستوور و گوتی: "وەرن با لە ئاستی دەستووردا چارەسەری بکەین، نەک تەنیا بە یاسا".
ئەردۆغان باسی لەو دەقە کرد کە پێشکەش بە پەرلەمان کراوە لەبارەی سەرپۆش و گوتی: "ئەو دەقەی بەناوی پرۆژەیاسا پێشکەشی پەرلەمانیان کردووە، زۆر دوورە لەوەی کێشەکە بەهەموو رەهەندەکانییەوە لەئامێز بگرێت، هەمیش بەشێوەی خوازراو چارەسەری بکات".
گوتیشی: ''با سەرلەنوێ پێشنیازی هەموارکردنەوەی دەستوور بە ژمارە ٥٧٣٥ دەربکەینەوە کە کارکردن لە کەرتی گشتییدا بگرێتەوە، بە مەرجێک نەتوانرێت هیچ رێکخستنێک بە پێچەوانەوە بکرێت''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە سەرووی ئەو کەسانەدا بوو کە سکاڵای یاساییان لەسەر سەرۆکی دەستەی خوێندنی باڵا تۆمارکردبوو بە بیانووی خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەی کاتێک گوتبووی 'قەدەغەی باڵاپۆشی لاببەن' و گوتی: ''ئەگەر راستگۆ، دڵسۆز و مەردیت ئەوا لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەشت کە لە مێزی شەشیدا پشتیوانیت دەکەن با هەموو بەیەکەوە یاسای (هەمواری دەستوور) دەربکەین''.