Ata Ufuk Şeker
05 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2022
بڕۆکسل - AA
وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، رێککەوتن لە بارەی هەشتەمین پاکێجی سزاکانی سەر رووسیا.
لە بڵاوکراوەیەکدا کە کۆماری چیک وەک سەرۆکی ئەم قۆناغەی یەکێتیی ئەورووپا لە هەژماری فەڕمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندام، رێککەوتنی سیاسییان کردووە لەبارەی سزای نوێی بۆسەر رووسیا.
لە بڵاوکراوەکەدا، باس لەوە کراوە کە سزاکان وەڵامێکی بەهێزە دژ بەو لکاندنە نایاساییەی هەندێ ناوچەی ئۆکراینا لەلایەن سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە خاکی وڵاتەکەیەوە. باس لەوەیش کراوە کە هەشتەمین پاکێجی سزاکە دوای ئەوەی بە نووسراو پەسەند کرا لە رۆژنامەی فەرمی یەکێتیی ئەورووپادا بڵاودەکرێتەوە و دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێرلایەن لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە ''بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە پەسەندکردنی هەشتەمین پاکێجی سزاکانی وڵاتانی ئەندام دەکەم''.
ئورسولا ڤۆن دێر لایەن باسی لەوە کرد کە بەشێوەیەکی خێرا و پێداگرانە هەڵوێستیان گرتووەتە بەر و رایگەیاندووە ''هەرگیز ریفراندۆمی ساختەی پوتین و هەر جۆرە لکاندنێکی ئۆکراینا قبوڵ ناکەین''.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوام دەبن لە بە سزاگەیاندنی کرملین.
هەفتەی رابردوو، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا پێشنیازی هەشتەمین پاکێجی سزاکانی دژبە رووسیا خستەڕوو کە خۆی لە قەدەغەکردنی بازرگانیی و دانانی ئاستی نرخی نەوتی رووسیا دەبینێتەوە.
لە چوارچێوەی پاکێجی نوێی سزاکاندا کە پێویستە لەلایەن ٢٧ ئەندامەکەی یەکێتیی ئەورووپاوە پەسەند بکرێت، هەندێ کەس و دامەزراوە دەخرێنە لیستی سزاکانەوە و هەندێ سنوورداریی دەخرێتە سەر بازرگانیی و هاوردەی نەوت.
لە پاکێجەکەدا، دانانی ئاستی نرخ بۆ فرۆشتنی نەوتی رووسیا بە وڵاتانی سێیەم دانراوە.
هێشتا هەموو ناوەڕۆکی پاکێجەکە نەخراوەتەڕوو کە رێککەوتنی لەسەر کراوە.