ھەکاری
تیمێکی شاخەوانیی سەر بە گروپی کلۆس کە ناوەندەکەی لە شاری ئیستەنبوڵە، دوای ٣٠ ساڵ بۆ یەکەم جار پێشبڕکێی شاخەوانیی بۆ سەر چیای جیلۆ ئەنجامدا.
شاخەوانەکان لە نۆ کەس پێکهاتتبوون لە ژێر ناوی "شاخەوانیی بۆ سەر چیای جیلۆ، زیاترکردنی ھیوای ئاشتییە" هەڵمەتی چوونە سەر چیایان ئەنجامدا.
تیمەکە پێشی حەفتەیەک گەیشتبوونە شاری گەڤەر.
بەر لەوەی گروپەکە بەسەر چیادا هەڵزنێن، شەوێک بوونە میوانی گوندی یەشیلتاش کە ٤٥ کیلۆمەتر لە شارۆچکەی گەڤەر دوورە و ساڵانی پێشوو مەیدانی شەڕ و ئۆپەراسیۆن بوو.
ئێستا ناوچەکە پلەی گەرمی بۆ ٤٠ پلەی ژێر سفر دابەزیوە، شاخەوانان رێگایەکی درێژ دەبڕن کە چەندین مەتر بەفر دایپۆشیووە، دوای سێ رۆژ لە رێ کردن، زۆر بە زەحمەت گەیشتنە سەر لوتکەی چیا.
سۆنماز ئەرقایا، یەکێ لە شاخەوانەکان دوای ھاتنە خوارەوەیان لەسەر لوتکە گوتی:" دوای ٣٠ ساڵ و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، ئەم چالاکییەمان ئەنجامدا بۆ زیاترکردنی ھیوای ئاشتی لە ناوچەکەدا."
ناجی ئەرتونچ، یەکێکی دیکە لە شاخەوانەکان دەڵێ ئامانج لەو چالاکییە ناساندنی چیاکانی ھەکاریە بە جیھان.
ئەرتونچ گوتی: "دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە ھێزە ئاسایشپارێزەکانی ناوچەکە، بەسەر چیادا هەڵزناین، لەو کەشە ساردە دا یەکەم چادرمان لە کوێستانەکانی سەرپیل ھەڵدا. شەومان لەوێ بەسەربرد، رۆژی دواتر لە سەعاتەکانی سەر لە بەیانی جارێکی دیکە ملی رێگامان گرتەبەر. شەوی دووەم لە کوێستانی تاڵان ماینەوە. سەرەڕای ساردییەکی زۆر، جوانی ئاسمان گەشتەکەی ئاسانتر کرد بۆمان."
زەفیر سەزەر تاکە ژنە شاخەوانی ناو گروپەکەیە، دەڵێ لەکاتی هەڵزنان بەسەر چیادا، ھیچ زەحمەتیەکی نەبینیوە " ئەو شاخەوانییە کە لە ژێر ناوی ئاشتی و ئاسایش ئەنجامدراوە، وەکو ژنێکی شاخەوان منی زۆر دڵخۆش کرد. پێموایە ھەموو کەس ئەو چالاکییە بۆ پشتیوانیی ئاشتی و ئاسایش لە قەڵەم دەدا. لەناو ئەو شاخانە ھەستم بە جیھانێکی خەیاڵی کرد زۆر پێی دڵخۆش بووم."