قەیسەری
تانەر یڵدز، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند:کۆبوونەوەی نوری مالکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە بەر لە چەند رۆژێک لە بەغدا ساز کرا، ئەنجامەکانی گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە پێویستە.
یڵدز گوتی:" دوای میکانیزمی سێ قۆڵی، برایانی عێراقی گوتیان ئەوەی ماوە ئێمە لەناوخۆمان چارەسەری دەکەین. ئەوە بەتەواوەتی پەیوەندیی بە ئاساییبوونەوەی عێراقەوە ھەیە. ھەر داھاتێکی نەوت و غاز پەیوەندیی بە عێراقەوە ھەیە. تورکیا بەردەوام دەبێ لەسەر پشتگیریکردنیان، ئێمە ھەستیاریی حکومەتی عێراق لەبەرچاو دەگرین، بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنیان."
تانەر یڵدز رایگەیاند: نەوتی هەرێمی کوردستان سەرەتا بە گواستنەوەی سێ سەد ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دەست پێدەکا و دواتر دەگاتە چوار سەد ھەزار و دواتر هەناردن زێدەتریش دەبێ.
یڵدز گوتی: "باس لە نەوتێک دەکەین کە بە ھێڵی کەرکوک- یومورتالک دا دەگوازرێتەوە. داھاتەکەیشی عێراقییەکان خۆیان ھەڵیدەگرن. تورکیا قۆناغی ئەزموونیی ئەو ھێڵەی تەواوکردووە، برایەتیی خۆمان بە بنەما دەگرین و نەوتی عێراق دەگەیەنینە بازاڕەکانی جیھان. داھاتەکەیشی بە شەفافی وەردەگرین."
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا جەختیکردەوە حیسابی بانکی ماوەیەکی درێژە گفتوگۆی لەسەر کراوە. ئەو بارودۆخەی ھاڵک بانک تێیکەوتووە، کاریگەریی لەسەر ئەو پڕۆسەیە نابێ. چونکە ئەوە بارودۆخێک نییە کاریگەریی لەسەر دەزگای ھاڵک بانک کردبێ. بۆ ئەمە ھیچ گۆڕانکارییەک کە لە نەخشەی رێگاکە دانراوە روونادا.