ئەنقەرە
ئەحمەد داودئۆغڵو پێش بەڕێکەوتنی بۆ هەنگاریا لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەیی رێکخست و وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.
داودئۆغڵو لە سەرەتا دا باسی لە ئۆپراسیۆنی شا فورات کرد و گوتی: "ئۆپەراسیۆنی شا فورات، ئامانجێک بوو دیاریمان کردبوو، لەو بارەیەوە بەسەرکەوتوویی کۆتاییمان پێهێنا، ئۆپەراسیۆنەکەشمان لەسەر هەمان بنەمای سیاسەتی سووریا ئەنجام داوە کە ئەویش دیاری کردنی داهاتووی سووریایە بەدەست گەلی ئەو وڵاتە. هاوکات پشتگیری کردن لەیەکڕیزی و یەکپارچەیی خاکی سووریا و هاوکاری کردنیان لەبەرامبەر هەموو گرووپە تیرۆریستییەکان بەتایبەت داعش و رژێمەکەی ئەسەد. بنکەی قەرەقۆڵی سایگی و جێنزرگەی سلێمان شا بۆ ئێمە مێژوویەکی درێژی هەیە و خاوەنی بنەمایەکی یاسایی نێودەوڵەتیشە".
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا کە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ پاراستنی پاشماوەیەکی مێژوویی و گیانی سەربازان ئەنجام دراوە لە چوارچێوەی ماف و سنوور و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، واتە هیچ پەیوەست نییە بە گۆڕینی هەڵوێستمان بەرامبەر بە داعش یان رژێمی ئەسەد، هەڵوێستمان لە پێشوودا چۆن بێت، لەسەر بنەما سەرەکییەکان بەهەمان هەڵوێست ماوینەتەوە. دژی تیرۆر و زوڵمی داعشین، لەپاڵ گەلی سووریا داین. لەم دۆخە تازەیەدا پشتگیری تەواوی هەر چالاکییەک دەکەین لەدژی رژێمی سووریا و داعش. هاوکات پشتگیری لە هیچ هەڵوێستێک ناکەین دژ بە گەلی سووریا.
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە سەقامگیری سووریا و تورکیا پەیوەستن بەیەکەوە و راشیگەیاند هەر هەوڵێک لەو بارەیەوە لەدژی تیرۆر و رژێمەی ئەسەد ئەرکی تورکیایە. داودئۆغڵو گوتی: "لەکاتێکیشدا ئاسایشی نەتەوەیی هەرکاتێک کەوتە مەترسییەوە، ئەوا بێ گەڕانەوە بۆ هیچ لایەک، بەتەنیا بڕیاری خۆمان دەدەین و هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە کاری خۆمان دەکەین، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووە، لەم بارەیەوە هێزی تورکیا بۆ لایەنەکان و دونیا دەرکەوتووە".