بینگۆل AA
دوای ئەوەی دوێنێ ١٨ بەندکراوی پەکەکە لە گرتوخانەی بینگۆل ھەڵاتن و ئەمڕۆ گیرانەوە ئاشکرا بووە ئەو بەندکراوانە لە دوو قاوشی جیادا بوون و لە ڕێی کونکردنی بنمیچی ژوورەکانەوە توانیویانە بچنە لای یەکتر.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، دوای ئەوەی لە بەیانیەکی زوودا سەرژمێریی ناو گرتووخانەکە کراوە، دەرکەوتووە ئەو ١٨ بەندکراوە لە ڕێگەی ھەڵکەندنی تونێلێکەوە ھەڵاتوون.
بە بڕوای شارەزایان ئەو تونێلە ماوەی چەند ساڵێکە کاری تێدا کراوە و کاری یەک ساڵ نیە، پێشیان وایە پاشماوەی خۆڵ و خاکەکە لەڕێی ئاوی دەستشۆرەکان و ئاوەڕوی ناو گرتوخانەکەوە فڕێدراوە.
ھەر بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، دەرکەوتووە لە ماوەی ساڵێکدا دوو جار ئاوەڕۆی ناو گرتووخانەکە گیراوە و لە رێگەی تیمی تایبەتەوە چاک کراوەتەوە .
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان درێژیی تونێلەکە ٥٠ مەتر بووە و لە ناو ژووری زیندانەکانەوە بە ژێر تەلبەنی چواردەوری گرتووخانەکەدا بۆ دەرەوە دروست کراوە و لەوێوە گەیاندوونی بە دەرەوەی گرتووخانەکە .
دوای لێکۆڵینەوە ئەوەش دەرکەوتووە، لە تاریکیی شەودا ئەو بەندکراوانە ھەڵاتوون و دواتر بە درێژایی ئاوەڕۆیەکی نزیک لە گرتووخانەکەدا تێپەڕیون تا لەلایەن ئێشکگرەکانی گرتووخانەکەوە نەبینرێن و پاش تێپەڕینیان بە چەند ناوچەیەکی قوڕاویدا دواتر جلو بەرگەکانیان گۆڕیوە و لە کۆڵانەکانی ناوچەکەدا خۆیان شاردۆتەوە .