ئاماسیا
جێگری سەرۆکی گشتی پارتی داد و گەشە پێدان (نوعمان قورتوڵموش) رایگەیاند: پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا بەردەوامی کار و چالاکییەکانی ١١ ساڵی رابردووی حکومەت و ئەڵقەیەکی نوێیە بۆ دامەزراندنی تورکیایەکی نوێ دوای ٦٧ ساڵ سیاسەتی فرە حزبی.
جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان لە میانەی سەردانی خۆی بۆ ئاماسیا لەگەڵ سەرۆک شارەوانی ئاماسیا (جەعفەر ئۆزدەمیر) کۆ بوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەعفەر ئۆزدەمیر چەندین زانیاری تایبەتی سەبارەت بە ئاماسیا پێشکەشی نومان قورتوڵموش کرد.
دوای کۆبوونەوەکە جێگری سەرۆکی ئاکەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تورکیا لەگەڵ دەسەڵاتی ئاکەپەدا دەستی بە چارەسەرکردنی یەک بەیەکی کێشەکانی کردووە و پرسی ھەرە گرنگ لە تورکیا، پرسی دامەزراندنەوەی تورکیای نوێ بوو، لەم چوارچێوەیەشدا چەندین ھەنگاوی زۆر گرنگ نراون و بەردەوامیش دەبین لە ھەنگاونان، یەک لەو ھەنگاوانە قۆناخی چارەسەرە.
قورتوڵموش گوتی" تورکیا ٢٨ ساڵ بوو رووبەرووی پرسی تیرۆر بووبوویەوە کە نەتەنیا لە رووی مادی و گیانییەوە زەرەری زۆری بە تورکیا گەیاندبوو، بەڵکو بووبووە ھۆی کۆچکردنی خەڵک لە گوند و شارۆچکەکانەوە بۆ شارە گەورەکان و گەیاندنی زەرەری زۆر گەورە بە ئابووریی تورکیا، بەڵام ئەمڕۆ تورکیا وردە وردە لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە نزیک دەبێتەوە.
جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکەپە ( نوعمان قورتوڵموش) رایگەیاند، پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا وەرزی ھاوین لەلایەن شاندێکی پسپۆڕەوە ئامادە کراوە و بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێ. ئەم پاکێجە دەبێتە ھۆکاری رازیکردنی زۆرینەی کۆمەڵگەی تورکیا و یەکێکە لە ھەنگاوە گرنگەکانی دیموکراتیزەکردنی تورکیا.
قورتوڵموش گوتی "قۆناخی چارەسەری کاریگەرییەکی باشی لە سەر بوژاندنەوەی ئابووری دەبێ، ھەر لە ئێستەوە لەگەڵ بیستنی ناوی قۆناخی چارەسەر، ئاستی سەرمایەگوزاری لە ناوچەکانی باشوور و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵدا بەرز بووەتەوە.