16 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2021
ئەنقەرە - AA
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، لوتفی ئەلوان رایگەیاند ''لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانییدا کۆدەبینەوە و بەشێوەیەکی گشتگیر بەرنامەی چاکسازی ئابوورییان بۆ باس دەکەین''.
لوتفی ئەلوان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مێزی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵودا، هەڵسەنگاندنی بۆ پاکێجی چاکسازی ئابووریی کرد.
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، لوتفی ئەلوان باسی لە گرنگیی پاکێجەکە کرد و گوتی: "دژبە هەموو داواکارییەکی دواخستنین، لەئێستادا هەلێکی زۆر گرنگ لەبەردەم تورکیا-دایە. دەمانەوێت لەڕێی ئەم پاکێجەوە هەلەکان بەدەستبهێنین".
گوتیشی: ''لەگەڵ باڵیۆزانی G20 و بەتایبەتی باڵیۆزانی یەکێتیی ئەورووپادا کۆدەبینەوە و وردەکاریی بەرنامەی چاکسازیی ئابووریی بەش دەکەین''.
لوتفی ئەلوان ئاماژەی بەوە کرد کە پێیانوایە لە دارایی گشتییدا، دیسپلینی بوودجە گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە و، تا ئێستاش بەهیچ شێوەیەک سازشیان لەسەر دیسپلینی دارایی نەکردووە و گوتی: "سیستمی لێخۆشبوون لە باجی داهاتی کاسبکاران کە پێشتر بەشێوەیەکی دەگمەن پەیڕەودەکرا، لەگەڵ دەستپێکی سوودەکانی ساڵی ٢٠٢١ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەشێوەیەکی هەمیشەیی پیادە دەکرێت".
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، لوتفی ئەلوان هەروەها رایگەیاند "زانیارییەکانی عەمبارکردن و خەرجی دارایی گواستنەوە، بەشێوەیەکی رێکوپێک تۆماردەکرێن و ئەو کەلوپەلانەشی پێویستیان بە گواستنەوە هەیە، شیکارییەکەیان تۆمار دەکرێت".
لوتفی ئەلوان سەبارەت بە تەندرە گشتییەکان رایگەیاند ''سیستمی بڕوانامە دەخەینە کار. ئەو مەرجانە لەگەڵ رای گشتییدا بەش دەکەین کە توانا و لێهاتوویی کۆمپانیاکان دیاریی دەکەن''.
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا باسی لەوە کرد کە لە رووی وەبەرهێنەرانی نیشتمانیی و نێودەوڵەتییەوە، شەفافییەت و پێشبینیکردن گرنگە و گوتی: ''هەستیاریمان لەو بارەیەوە تا کۆتایی درێژە پێ دەدەین. ئامانجی سەرەکی لیژنەی سەقامگیری نرخ، پەرەپێدانی پێشنیازەکانی چارەسەرە لەهەمبەر شۆکی خستنەبازاڕ کە مەترسی لەسەر هەڵئاوسان دروست دەکەن''.
لوتفی ئەلوان سەبارەت بە پارەی دیجیتاڵی و پارەی نادیار گوتی: ''پێویستە پارەی دیجیتاڵی و نادیار تێکەڵ نەکرێن. باس لە پارەی دیجیتاڵی دەکەین بەرامبەربە لیرە. نیگەرانی زۆرمان لەبارەی پارەی نادیارەوە هەیە''.
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، لوتفی ئەلوان گوتیشی: "بانکی ناوەندی کار لەسەر پرسی دراوی دیجیتاڵی دەکات. بۆ ژێرخانە تەکنەلۆجییەکەی ئەم بابەتە پڕۆژەی لێکۆڵینەوە و فراوانکردن لە بواری جێبەجێکردندایە، ئامادەکارییەکانیشمان بۆ ژێرخانی یاسایی ئەنجامداوە".
لوتفی ئەلوان هەروەها باسی لەوە کرد کە تورکیا هاوشێوەی بواری بەرگریی لە بوارەکانی تەندروستیی، ئامێر و پڕۆگرامسازی دەبێتە پێشەنگی جیهان و سەرچاوەی پێویستیش بۆ ئەو مەبەستە دەستەبەر دەکەن.