Fırat Taşdemir
27 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2022
ئەنقەرە - AA
١١ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردە و دامەزرێنەری بزووتنەوەی دیدی نەتەوەیی و سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، نەجمەددین ئەربەکان تێدەپەڕێت.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، نەجمەددین ئەربەکان کە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠١١ کۆچی دوایی کرد، دوای بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٨ بە پەرلەمانتاری سەربەخۆ هەڵبژێردرا.
نەجمەددین ئەربەکان دووبارە لە هەڵبژاردنی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٩١ وەکو نوێنەری خەڵکی قۆنیا بە ئەندام پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە. پارتەکەی ئەربەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٥دا بە بەدەستهێنانی سەدا ٢١٫٧ی دەنگەکان بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە. ئەربەکان وەکو نوێنەری پارێزگای قۆنیا چووە پەرلەمان. سەرکۆماری ئەوکات، سولەیمان دەمیرەل ئەرکی پێکهێنانی حکوومەتی بە پارتی رەفاھـ نەسپارد. سێ مانگ دوای هەڵبژاردن حکوومەتی دەیەپە-ئاناپە پێکهێنرا.
ئەربەکان دوای وەرگرتنی ئەرکی پێکهێنانی حکوومەت لە سەرکۆمار، سولەیمان دەمیرەل بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی رێگەی راست کە تانسو چیللەر سەرۆکایەتی دەکرد، حکوومەتی نوێی پێک هێنا و لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٩٦ بووە سەرۆکوەزیران.
سەرۆکوەزیران ئەربەکان لە سیاسەتی دەرەوەیدا لە پێناو یەکخستنی وڵاتانی ئیسلامی، کۆمەڵەی G-8ی پێک هێنا.
لە ٢٧ی ئایاری ١٩٩٧ لە دادگای دەستووریی سکاڵا لەسەر پارتی دەسەڵاتدار، پارتی رەفاھ تۆمارکرا. بەبڕیاری دادگا چالاکیی سیاسیی لە پارتی رەفاھـ قەدەغەکرا.
لە ٣٠ حوزەیرانی ١٩٩٧ نەجمەددین ئەربەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکوەزیران راگەیاند.
سەرکۆمار دەمیرەل لە شوێنی ئەربەکان سەرۆکی گشتی دەیەپە، مەسعود یڵمازی لە پۆستی سەرۆکوەزیران دانا.
دوای داخستنی پارتی رەفاھـ، ئەربەکان خۆی بەدەستەوە نەدا و لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٧ پارتێکی نوێی بەناوی (فەزیلە) بە سەرۆکایەتی یەکێک لە جێگرەکانی دامەزراند.
کۆنگرەی ١٤ی ئایاری ٢٠٠٠ ئەندامانی پارتەکەی (بۆ باڵەکانی نەریتباوەڕان و نوێخوازن) بەسەردوو باڵ دابەشکرد، رەجایی کوتان سەرکردایەتی باڵی نەریتباوەڕان و عەبدوڵڵا گوڵ سەرکردایەتی باڵی نوێخوازانی دەکرد.
دوای ئەوەی ئەحمەد نەجات سەزەر پۆستی سەرکۆماری وەرگرت، بە بڕیاری دادگای دەستووریی پارتی فەزیلە لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٠١ داخرا.
ئەربەکان لەبارەی داخرانی پارتەکانی رەفاھ و فەزیلە گوتی: "بە داخستنی پارتەکانمان ناتوانن بمان وەستێنن". دوای تێپەڕبوونی مانگێک لایەنگرانی پارتەکەی ئەربەکان پارتێکی نوێیان بەناوی پارتی سەعادەت دامەزراند. لە کۆنگرەی ئاسایی پارتەکە لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠ ئەربەکان بە سەرۆکی گشتیی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە.
ئەربەکان بەهۆی کیسە لە کۆئەندامی هەناسەدان و سستبوونی دڵ لە ٢٧ی شوباتی ٢٠١١ کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە یەکی ئاداری ٢٠١١ لە مزگەوتی فاتیح لە ئیستانبوڵ دوای رێورەسمی ماڵئاوەیی لێکردنی بەخاک سپێردرا.