Zafer Fatih Beyaz,Sarp Özer,Abdullah Shukur
29 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2019
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگری تورکیا، خولوسی ئاکار لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا، مارك ئەسپەر، جەختی لەوەکردووەتەوە کە ئەگەر نەتوانن بگەنە خاڵێکی ھاوبەش لەگەڵ ئەمریکادا، ئەوا ناچاردەبن بە تەنھا 'ناوچەی ئارام' دروستبکەن.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە لایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، وەزیری بەرگریی تورکیا، خوڵوسی ئاکار پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا، مارک ئەسپەر ئەنجامدا.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئاکار پیرۆزبایی لە ئەسپەر کرد بەھۆی بوونی بە وەزیری بەرگریی و جەختیشی لەوە کردەوە کە چاوەڕوانی تورکیا لە ئەمریکا بریتییە لە کۆتایھێنان بە پشتیوانیکردنی یەپەگە/پەکەکە لە لایەن ئەمریکاوە.
ئاکار جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە رێگە بە دروستکردنی رێڕەوێکی تیرۆر لە باشووری تورکیا نادەن و ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا تەنھا ئاسایش و سەلامەتی وڵاتەکەی ناوێت، بەڵکو ئاسایش و سەلامەتی کورد، عەرەب، ئاشووری، کریستیان و ئێزدییەکانی ناوچەکەشی دەوێت.
- "تورکیا تەنھا کڕیاری پڕۆژەکە نییە"
ئاکار باسی لە پڕۆگرامی F-35 کرد و رایگەیاند کە تورکیا تەنھا کڕیاری پڕۆژەکە نییە و لە ھەمان کاتدا، وەبەرھێنەر و بەرھەمھێنەری پڕۆژەکەیە و دووبارە ئەوەی بەبیرھێنایەوە کە پێویستە پڕۆژەی F-35 وەک ئەوەی بۆی دارێژراوە بەڕێوە بچێت.
ھەر لەبارەی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکووری سووریا، ئاکار جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا تاکە ھێزە کە بتوانێ کۆنترۆڵی ئەو ناوچە ئارامە بپارێزێت.
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا رایگەیاندووە کە پێویستە سەرجەم چەکەکانی یەپەگە/پەکەکە لە ناوچەی ئارام کۆبکرێنەوە، رێکخراوی تیرۆریستی بە تەواوی لە ناوچەی ئارام بکشێنەوە و پێویستە ئەو ناوچە ئارامە بە قوڵایی ٣٠-٤٠ کیلۆمەتر بێت بەھۆی ئەو ھۆکارانەی کە لەوەو پێش روون کراونەتەوە.
ئاکار بە پێویستیشی زانیوە کە دەبێ گشت تونێل و حەشارگەکانی یەپەگە/پەکەکە لە ناوچەکەدا لەناو ببرێن و ناوچە ئارامەکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەمریکا لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵ بکرێ.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ ئەسپەر، ئاکار جەختی لەوەکردووەتەوە کە ھەروەکو سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ٢٦ی تەمووز ئاماژەی پێداوە، ئەگەر نەتوانن بگەنە خاڵێکی ھاوبەش لەگەڵ ئەمریکادا، ئەوا ناچاردەبن بە تەنھا 'ناوچەی ئارام' دروستبکەن".