Orhan Onur Gemici
28 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس ئەنجامدا.
فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوی کردەوە، پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی غەززە کە سبەی سازدەکرێت، سەرکۆمار ئەردۆغان پەیوەندیيەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتێرێس ئەنجامدا.
لە پەیوەندییەکەدا تاوتوێی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرا بەرامبەر هێرشە نایاساییەکانی ئیسرائیل، لەگەڵ پێشنیارەکانی چارەسەری قەیرانی مرۆیی و هەوڵەکان بۆ فەراهەم کردنی ئاشتی درێژخایەن.
سەرکۆمار ئەردۆغان بەپێویستی زانی لێکۆڵینەوە لە ئیسرائیل بکرێت لەسەر بەردەوامی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر یاسای نێودەوڵەتیی و یاسای جەنگ و یاسای مرۆیی و ئەو تاوانانەی جەنگ کە بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئەنجامیداون.
هاوکات سەرکۆمار ئەردۆغان پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی گوتێرێس کرد بۆ گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٠٠ کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر غەززە و، باسی لەوە کرد کە سەردانی گوتێرێس بۆ دەروازەی سنووری ڕەفح گرنگە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ ئەم خاڵە.