Gökhan Varan
25 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2021
ئەنقەرە- AA
پرسی بەکارھێنانی دەستەواژەی "کۆمەڵکوژی" لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥، کاردانەوەی توندی تورکیا-ی لێکەوتەوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن راگەیەندراوێکی دەربارەی بەکارهێنانی دەستەواژەی "کۆمەڵکوژی" بۆ رووداوەکانی ١٩١٥ لەلایەن جۆ بایدن-ەوە بڵاوکردەوە.
کاڵن، جەختی لەوە کردوەتەوە کە پێویستە رووداوە مێژووییەکان لەلایەن مێژوونووسانەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت چونکە راستییە مێژووییەکان لە چوارچێوەی تەسکی سیاسەتدا جێیاننابێتەوە و نوسیویەتی: "کاتێک سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشنیازی پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی هاوبەشی مێژوویی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ١٩١٥ کرد، ئامانجی ئەوەبوو کە بابەتێکی مێژوویی بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەهێندرێت. بەڵام ئەوانەی لە ئاشکرابوونی راستییەکان دەترسن وەڵامی ئەم داواکارییەیان نەدایەوە. سەرۆکی ئەمریکا-ش ئەم راستییانەی پشتگوێخست و رەفتارێکی نادادپەروەرانەی نواند".
- "رەفتار کردن بەگوێرەی بیرکردنەوەی ئەرمەنییە توندڕەوەکان هەڵەیەکی مێژووییە"
ئیبراهیم کاڵن، ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە تورکیا یەکێکە لە دیارترین نموونەکانی پێکەوەژیان لە جیهاندا و نوسیویەتی: "هەر لەبەر ئەم هۆکارە، کۆماری تورکیا هیچکات لە ئاشکرابوونی هیچ راستییەکی مێژوویی هەڵنەهاتووە. ئەو زیانانەی لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا روویانداوە ئازاری هاوبەشی دانیشتوانی ئەم جوگرافیایەن. هەربۆیە رەفتار کردن بەگوێرەی بیرکردنەوەی ئەرمەنییە توندڕەوەکان، کە جگە لە تیرۆر و دوژمنایەتی هیچ شتێکی دیکەیان بەرهەم نەهێناوە، هەڵەیەکی مێژووییە. راگەیەندراوە بێبنەماکەی سەرۆکی ئەمریکا-ش زیان بە هەوڵەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەرمینیا دەگەیەنێت".
کاڵن، جەختی لەوەش کردوەتەوە کە راگەیەندراوەکەی بایدن برینێکی قوڵ لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا- ئەمریکا دروست دەکات.
- "لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە ٢٤ی نیسان لەبارەی رووداوەکانی ١٩١٥، بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین"
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا-ش، ئیدانەی ئەو راگەیەندراوەی کرد کە جۆ بایدن دەربارەی رووداوەکانی ١٩١٥ بڵاویکردبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا نوسیوویەتی: "لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە ٢٤ی نیسان لەبارەی رووداوەکانی ١٩١٥، بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین و بە توندی ئیدانەی دەکەین".
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە راگەیەندراوەکەی بایدن ھیچ بنەمایەکی زانستی و یاسایی نییە، چونکە ھیچکام لەو مەرجانەی بۆ بە "کۆمەڵکوژی" ناساندن پێویستن لە رووداوەکانی ١٩١٥دا نین.
ئەوەش وەبیرھێندراوەتەوە کە ئەرمینیا، پێشنیازەکەی تورکیا-ی بۆ دروستکردنی کۆمسیۆنێکی مێژوویی ھاوبەش لە ساڵی ٢٠٠٥دا پەسەند نەکردووە، ھەتا ئێستاش تورکیا بۆ یەکلاییبوونەوەی راستییەکان ھەمان پێشنیازی ھەیە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، جارێکی دیکەش بەرێزەوە یادی ئەو ھاووڵاتییە موسوڵمان، مەسیحی و جوولەکانەی دەوڵەتی عوسمانی کراوەتەوە کە لە سەروبەندی جەنگی جیھانی یەکەمدا لە بارودۆخی ناھەمواردا گیانیان لەدەستداوە و باس لەوەش کراوە کە ئەو پەیامەی دەربارەی گیان لەدەستدانی ھاووڵاتییە ئەرمەنییەکانی ناو دەوڵەتی عوسمانی، ئەمڕۆ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاڕاستەی پاتریارکی ئەرمەنییەکانی تورکیای کرد، رەنگدانەوەی تێڕوانینی حکومەتی ئەنقەرە-یە دەربارەی پرسەکە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، جەختی لەوەش کردوەتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا نە لە روانگەی رەوشت و نە لە روانگەی یاساییەوە مافی ئەوەی نییە لە پرسە مێژووییەکاندا بڕیار بدات، ھەر بۆیە راگەیەندراوەکەی ھیچ بەھایەکی نییە.
- "بەتەواوی بەکارھێنانی دەستەواژەی 'کۆمەڵکوژی' لەلایەن ئیدارەی بایدن بۆ رووداوەکانی ١٩١٥ رەتدەکەینەوە"
لەلایەکی دیکەش سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون لەمبارەیەوە راگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و کاردانەوەی بەرامبەر بەکارھێنانی دەستەواژەی "کۆمەڵکوژی" لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥، نیشاندا.
فەخرەددین ئاڵتون رایگەیاند "بەتەواوی بەکارھێنانی دەستەواژەی "کۆمەڵکوژی" لەلایەن ئیدارەی بایدن بۆ رووداوەکانی ١٩١٥ رەتدەکەینەوە و بەتوندترین شێوە ئیدانەی بەکارھێنانی ئەم دەستەواژەیە دەکەین".
لەبارەی ئەم ھەنگاوەی ئیدارەی واشنتۆن و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا، فەخرەدین ئاڵتون گوتی: "بەھۆی ئەو ھەنگاوەی واشنتۆن کە ھەوڵی لەکەدارکردنی مێژووی پڕشانازیمانی دابوو، پەیوەندییەکانی نێوانمان بە رۆژگارێکی زۆر دڵتەزێندا تێدەپەڕن".
فەخرەددین ئاڵتون لە راگەیاندراوەکەدا گوتیشی: "بە داخەوە بەرپرسانی ئەمریکا لەم لێدوانەدا، چۆکیان بۆ داواکاری لۆبییەکان داناوە".
- ''ئەو ھەڵوێستە سیاسییەی ئەمریکا لە ٢٠٢١دا دەینوێنێت، کرۆکی گۆڕانکاری دەرناخات"
ھاوکات سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، موستەفا شەنتۆپ لەمبارەیەوە رایگەیاند: ''ئەو دەنگۆیەی لایەنی ئەرمەنی بە پێشێلکردنی راستییە مێژووییەکان پەسەندی کردووە و ھەوڵیش دەدات بە وڵاتانی دیکەشی پەسەند بکات. سێبەر لەسەر ھەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەرمینیا دروست دەکات''.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی راگەیەندراوەکەی ئەمریکا لەبارەی رووداوەکانی ١٩١٥ گوتی: ''ئەو ھەڵوێستە سیاسییەی ئەمریکا لە ٢٠٢١دا دەینوێنێت، کرۆکی گۆڕانکاری دەرناخات، بەڵکو تەنیا ھەڵوێستی حکوومەتی نوێ دەردەخات''.
شەنتۆپ، ئاماژەشی بە روونکردنەوەی ھەدەپە سەبارەت بە رووداوەکانی ١٩١٥ کرد و راگەیاند: ''ھەرکاتێک دوژمنان لە دژی تورکیا ھەڵوێستێک وەرگرن ھەدەپە لەگەڵیاندا جووڵە دەکات''.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، مێژووی ئەمریکا-ی بەبیرھێنایەوە و رایگەیاند: "ئەگەر بابەتە مێژووییەکانی تورکیا بەم جۆرە بە بڕیاری سیاسییەوە گرێ بدرێن، کاتی ئەوەیش دێ کە تورکیا-ش ژمارەیەک بڕیار بدا دەربارەی پرۆسەی دادوەری لە مێژووی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرفراوان. لەراستیدا یەکێک لەو وڵاتانەی رەشترین مێژووی ھەیە ئەمریکا-یە".