Muhammet Ali Kemal
06 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2016
ئۆردو-AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نومان کورتوڵموش، لە فڕۆکەخانەی ئۆردو-گیرەسون وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا سەبارەت بە روونکردنەوەی حکوومەتی عێراق لەبارەی سەربازانی سوپای تورکیا لە باشیک، نومان کورتوڵموش رایگەیاند:
''ئەو روونکردنەوەیەی حکوومەتی عێراق بڵاویکردووەتەوە، بەهیچ شێوەیەک لەلایەن تورکیاوە قبوڵ ناکرێت. بوونی سەربازیی تورکیا لە باشیک بۆ داگیرکردنی ئەو ناوچەیە نییە. ئەگەر حکوومەتی عێراق و بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێویست بکات کاردانەوەیەک نیشانبدەن، ئەو کاتەی کە مووسڵ لەماوەی یەک رۆژدا لەلایەن داعشەوە داگیرکرا، ئەو کاتەی رەققا لەماوەی رۆژێکدا لەلایەن داعشەوە داگیرکرا، لەکوێ بوون؟ بوونی سەربازیی تورکیا لە باشیک لەسەر داوای ئەو هێزە لۆکاڵییانەیە کە هەوڵی رزگارکردنی مووسڵ لەدەستی داعش دەدەن. لەبەرئەوە تورکیا بۆ ئەوە لەوێ نییە هاوشێوەی وڵاتانی دیکە کە لەدوورەوە هاتوون و ئەو وڵاتەیان داگیرکردووە، ئەو ناوچەیە داگیربکات. تورکیا لەوێیە بۆ ئەوەی هاوکاریی دانیشتوانی مووسڵ بکات. بۆ ئەوە لەوێیە کە پشتیوانیی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش بکات. لەسەر داوا و خواستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ناوچەیەیە. بۆیە ئەو روونکردنەوە فەرمییەی حکوومەتی عێراق لەلایەن ئێمەوە بەهیچ شێوەیەک مایەی قبوڵکردن نییە. تورکیا بەتوندی ئەو روونکردنەوەیە رەتدەکاتەوە. بوونی سەربازیی ئێمە لە باشیک بەتەواوەتیی بۆ ئەوەیە رۆڵمان هەبێت لە ئاساییکردنەوەی دۆخەکەدا و پشتیوانیی لە پارێزگارییکردن لە مووسڵ و دانیشتوانەکەی بکەین''.
کورتوڵموش لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئەمریکا روونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە، گوتی: ''ئێمە وای دادەنێین ئەو روونکردنەوەیە بڵاونەکراوەتەوە. چونکە ئەگەر ئێمە پێویست بکات وەڵامی ئەو روونکردنەوەیە بدەینەوە، ئەوا دەبێت بپرسین کە بوونی ئەمریکا لە عێراق مانای چییە''.