Mazın Asad
28 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2016
ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، نومان کوڕتوڵموش لەکاتی بەردەوامیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆشکی چانکایا، لێدوانێکی بە رۆژنامەنووسان دا.
کوڕتوڵموش ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجوومەنی وەزیران رۆژەڤێکی چڕی ھەیە و لە کۆبوونەوەکەدا شەش بابەت خراوەتە بەرباس و گفتوگۆ.
گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا روونیشیکردەوە کە کارەکانیان بۆ ئامادەکردنی رەشنووری دەستووری نوێی تورکیا درێژەی ھەیە و زیاتر گوتیشی:"ئەم بابەتە بابەتێک نییە تا کۆتایی چاوەڕێ بکرێت. ئێمە پێش چەند مانگێک ئاماژەمان پێکردووە و ئێستاش پەیڕەوی دەکەین. دوای تەواوبوونی مشتومڕی نێوانمان، رەنگە لە کۆتایی مانگی نیسان رەشنووسەکە ئامادە بکەن و پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا بکەن. لەم بارەیەوە کاری پێویست بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی ٣٦٧ پەرلەمانتار دەکەین. ئەگەر رەزامەندی پێویست وەرنەگرین ئەوکات بە دۆزینەوەی ٣٣٠ پەرلەمانتار کاری پێویست ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی پرسەکە پێشکەش بە گەل بکەین".
کوڕتوڵموش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دواڕەوشی "پلانی کاری یەکێتی، ئاسوودەیی و دیموکراسی" کراوە کە لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا وردەکاری زۆر خراوەتەڕوو، لەبارەی نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچانەی تێدا ئۆپەراسیۆنەکان دژی پاککردنەوەی تیرۆریستان ئەنجام دراوە".
-"ئومێدەوارین ئەمریکا رێز لە ھەستیارییەکانی تورکیا بگرێت"
گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش دا کە ھەڵوێستی تورکیا لەبارەی جێگیربوونی پەیەدە لە رۆژئاوای مونبیج روونە و زیاتر گوتیشی:" ھەڵوێستی ئێمە زۆر روون و دیارە لەبارەی جێگیربوونی پەیەدە لە رۆژئاوای مونبیج، جێگیربوونی پەیەدە لە رۆژئاوای فورات لەڕووی بەرژوەندی میللیمانەوە، کارێکی نەخوازراوە، ئەمە لە سەرەتاوە باسی لێوە دەکەین. ئەو رووداوانەی روو دەدەن لەگەڵ پێشھاتەکاندا، دەری دەخەن کە ئێمە چەندە لەسەر حەقین لەو ھەستیاری و نیگەرانیانەی کە ھەمانە. بۆیە ئومێدەوارین کە ئەمریکا وەک ئەوەی ماوەیەکی دوور و درێژە دۆستی تورکیایە، رێز لە ھەستیارییەکانی تورکیا لەم بارەیەوە بگرێت".