ئەنقەرە
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (جەمیل چیچەک) لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق (ھۆشیار زێباری) رایگەیاند: لە نێوان تورکیا و عێراقدا ھیچ کێشە و پرسێک نییە کە چارەسەر نەکرێ، ئەو پرسە بچوکانەی ھەن بە دانیشتن و گفتوگۆی دوولایەنە چارەسەر دەکرێن.
جەمیل چیچەک گوتی" سەردانی زێباری بۆ بەھێزترکردنی پەیوەندی نێوان تورکیا و عێراق گرنگە و ھیوا خوازم ئەو سەردانە لە چوارچێوەی چاوەڕوانییەکانی ھەردوولادا سەردانێکی سەرکەوتوو بێ."
جەمیل چیچەک رایگەیاند: سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ تورکیا کە چەند مانگی رابردوو ئەنجامدرا، سەردانێکی گرنگ بوو و ئەگەر دەرفەت ھەبێ منیش مانگی داھاتوو سەردانی عێراق دەکەم.
جەمیل چیچەک باسی لە سەردانی سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا بۆ عێراق کرد و گوتی" ئەو جۆرە سەردانانە زۆر ئاسایین و ھۆکاری زۆر ھەیە کە بە چاوێکی ئاسایی سەیری ئەو سەردانانە بکەین، چونکە گەلانی ھەر دوو وڵات برای یەکترن."
چیچەک رایگەیاند: وشەی برایەتیم تەنیا بۆ رێزگرتن بەکارنەھێناوە، بەڵکو راستییەکی حەشا ھەڵنەگرە. چیچەک زیاتر گوتی" ھەموو گەلانی عێراق بەبێ جیاوازی ئاینی، ئەتنیکی و بیروڕا برای ئێمەن و ئەمە راستییە. تورکیا و عێراق دوو وڵاتی دەراوسێن و لە نێو کلتوور و ئاینی ئێمەدا پێناسە بۆ دەراوسێ بوون و مانای دەراوسێ بوون کراوە و لە ئاینی ئێمەدا دەراوسێ ھەر وەک برا وایە. لە بواری کلتووری و مێژووییدا ھەر دوو گەلی عێراق و تورکیا خاوەن بەھای ھاوبەش و بەھێزن. گەلانی ھەردوو وڵات لە زۆربەی زۆری خۆشی و ناخۆشییەکاندا ھاوبەشن."
چیچەک گوتی" عێراق و تورکیا لە ناوچەیەکدان بەردەوام لەناو ئێش و ئازاردایە. داوا لە خوای گەورە دەکەین ئەو ھاووڵاتییانەی عێراق کە رۆژانە دەبنە قوربانی تیرۆر و کردەوە تیرۆریستییەکان ە بەر رەحمەتی خۆی بخات و سەبر و سەبووریش بداتە کەسوکاریان، لە دەستدانی کەسوکار بە ھۆی کردەوەی تیرۆریستی گەورەترین ئێش و ئازارە، ئێمە وەکو تورکیا ھەست بەو ئێش و ئازارە دەکەین. بەداخەوە رووداوی لەو جۆرە تەنیا لە عێراق نییە، بەڵکو لە سوریا و لە جیھانی ئیسلامیدا رۆژانە چەندین رووداوی وا دەبینین."