Sinan Balcıkoca,Sergen Sezgin,İsmail Özdemir,Elif Özlem Çelikler
23 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2020
بورسا - AA
وهزیری تهندروستیی توركیا، فەخرەددین کۆجا، ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ سەرلەنوێ رووی لە هەڵکشان کردووەتەوە.
بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەبارەی رەوشی بورسا و پارێزگاکانی دەوروبەری لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، کۆجا سەردانی شارەکەی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی پارێزگاری شارەکە، یەعقوب جانبۆڵاتی کرد.
دوای سەردانەکە، کۆجا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ چەند مەبەستێک سەردانی بۆرسای کردووە و، لەوانەش هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنایە کە لە پارێزگاکانی بورسا، باڵکئەسیر، بیلەجیک، یاڵۆڤا و چاناککالە بەڕێوەدەچن.
کۆجا باسی لەوە کرد کە چاوەڕوانن هاوشێوەی ئەو هەوڵ و تەقەلایەی کارمەندانی تەندروستی بۆ باشکردنی تەندروستی نەخۆشەکان دەدیدەن، خەڵکیش هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بە پابەندبوونیان بە رێنماییەکان و، گوتی: ''لە ئێستادا لە رێنماییەکان زیاتر چەکی بەهێزترمان نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە. دەزانین کە لە بەرەنگارییەکی لەو شێوەیەدا سەرکەوتن تەنیا بە چارەسەری نەخۆش بەدەست نایەت، بەڵکو بە بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە بەدەستدێت. ئەوەیش بە پابەندبوون بە رێنماییەکان دەبێت. شار بە شار دەگەڕێین و بانگەوازەکەمان دووبارە دەکەینەوە''.
وهزیری تهندروستیی توركیا ئاماژەی بەوەشکرد کە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ سەرلەنوێ رووی لە هەڵکشان کردووەتەوە.