Abdullah Shukur
13 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2017
سۆچی - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان رێکخست.
ئەردۆغان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند کە خۆشحاڵە بەوەی کە پەیوەندی نێوان رووسیا و تورکیا گەیشتووەتە ئاستێکی باش.
ئەردۆغان گوتیشی: " بە دڵنیایەوە ئەمە بەس نییە. ھەردوو لایەن ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات و گەل بەھێزتر بێت. بەتایبەتی گرنگی زۆر بەو ھەنگاوانە دەدەم کە بڕیارە لە بواری پیشەسازی بەرگری بنرێت".
"پێویستە گشت بەربەستەکانی بەردەم پیاوانی کارھەڵبگرین"
ئەردۆغان جەختی لە سەربەستی ڤیزا کردەوە و لەبارەی قەبارەی بازرگانی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا گوتی: "بۆ گەیشتن بە ئامانجی ١٠٠ ملیار دۆلار پێویستە ڤیزا و گشت بەربەستەکانی دیکە لە بەردەم پیاوانی کار ھەڵبگیرین. سەربەستی ڤیزا لەم خاڵەدا زۆر گرنگە".
"ھاوڕاین لەسەر ئەوەی کە قەیرانەکە بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکرێ"
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا ڤلادمیر پوتین زیاتر گوتیشی: "ھەلێکی باشمان بۆ رەخسا تاوەک بەتایبەتی لەبارەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و دواین پێشھاتەکانی ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکەین. ھەردوولا ھاوڕاین لەسەر ئەوەی کە دەبێت زەمینەیەک سازبکرێت بۆ ئەوەی بەرێگەی سیاسی چارەسەری قەیرانەکان بکرێت".