Dilşad Seyfeddin Ahmet
08 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2016
دوابەدوای كۆبوونەوەكە كە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە بەڕێوەچوو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا سەرۆكی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان مەلا بەختیار گوتی: "لە كۆبوونەوەكەماندا باسمان لەدۆخی سیاسی ئێستای عێراق كرد كە جێگەی نیگەرانییە و گفتوگۆمان لەسەر چەند بابەتێكی گرنگ كرد لە چۆنێتی گەڕاندنەوەی پەرلەمانتاران بۆ بوارەكەی خۆیان لە پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەت و چۆنێتی ئەنجامدانی كۆبوونەوە و گفتوگۆی پێویست لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقی و كوردستانییەكان و گەیشتن بە بڕوایەكی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستای عێراق كە بووەتە هۆی پەكخستنی پەرلەمان و حكوومەت".
لەلای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەلیم جبووری لە كۆنگرەكەدا گوتی: "چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستای عێراق ئاسان نییە و پێویستیان بە چڕكردنەوەی هەوڵەكان و هاوكاری لایەنەكان هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی گشتگیر و جێگەی متمانەی هەموو لایەك".
جبووری بەشێك لە رێگاچارەكانی بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی ئێستای عێراق خستەڕوو، لەو بارەیەوە گوتی: "پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران دەست بە كارەكانی خۆی بكاتەوە بەو پێیەی دەزگایەكی یاسادانانە لە وڵاتێكدا كە سیستمی پەرلەمانییە و هەر حاڵەتێكی پەكخستنی پڕۆسەی سیاسی و دەوڵەت جێگای قبوڵكردن نییە و پێویستە هەموو هەوڵەكان بخەینەگەڕ بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكان، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەو كێشانەی ئێستا كە هەیە لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی كێشەكانی پێشترەوەیە و پێویستە چارەسەریان بۆ بدۆزینەوەو چارەسەریان بكەین و بگەینە رێكەوتنێك ".
سەرۆكی پەرلەمان داوای كرد هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە پەرلەمان بەشداری كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان بكەن و لە پەرلەماندا كێشە و ناكۆكییەكان چارەسەر بكەن.
جبووری هەروەها جەختی كردەوە لەوەی رێوشوێنی یاسایی و دادوەرییان دژی هەموو ئەو كەسانە گرتووەتەبەر كە بەشداربوون لە هێرشكردنە سەر پەرلەمان و پەرلەمانتاران.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا بەرپرسەكەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان گوتی: "دۆخی ئێستای عێراق لە رووی سیاسی و پەرلەمانی و ئیدارییەوە باش نییە، بەڵام هەمیشە بەشێكین لە چارەسەر و بەشێك نەبووین و نابین لە قوڵكردنەوەی كێشەكان، ئێستاش هەموو فراكسیۆنەكانمان گەڕاونەتەوەو چاوەڕوانی كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان دەكەن بۆ تاوتوێكردنی ئەو دۆخەی عێراق و كۆكردنەوەی رای هەمووان لەسەر چۆنێتی و مەرجی گەڕانەوەی فراكسیۆنەكانمان بۆ بەغدا".
مەلا بەختیار ئەوەشی گوت: "وەك یەكێتی بڕوامان وایە جارێكی تر ئەو پڕۆسە ناسەركەوتووەی كە لە عێراقدا تائێستا هەبووە لە حكوومەت و چۆنێتی بەڕێوەبردنی پەرلەمان دووبارە نەبێتەوەو لەسەر بنەمایەكی نوێ و دەستەبەری سیاسی و تەوافوقی هەبێت ئەوكات بگەڕێینەوە و بەشداربین لە چارەسەركردنی كێشەكان. ئێمە كە دەچینەوە پێداچوونەوە دەكەین بە كارەكانی رابردوو هەروەها رێكەوتنەكان و تەوافوقات و بە هەموو ئەوانە دەچینەوە و بەبڕیاری نوێوە كە ئەگەر بزانین باشە بڕیاری چوونەوەی فراكسیۆنەكانمان بۆ بەغدا دەدەین".
هەروەها رایگەیاند: "هاوبەشین لە عێراق و هاوبەشیش دەبین لە چارەسەركردنی كێشەكان و دوای ئەوەی دەچینە ناو دانوستانی تازەوە ئەوكات ئەنجامەكەی دەردەكەوێت كە چۆن بەشدار دەبین و دەڕۆینەوە و چی دەكەین".
مەلا بەختیار بە نیگەرانییەوە باسی لە رابردووی عێراق و مامەڵەیان لەگەڵ كورد كرد و گوتی: "95 ساڵە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین عێراق ببێتەوە بە عێراقی نیشتمان و هاووڵاتی هەمووان، بەڵام بەداخەوە تائێستا چاوەڕوانی دەكەین و ئەوە ئەنجامەكەیەتی كە دەیبینین كە گەیشتووەتە ئەو دۆخەی ئێستا، ئەوەی كرا لە هێرشكردنە سەر پەرلەمان و پەرلەمانتاران كارێكی زۆر نا جوامێرانە بوو كە تەنها تێكدەر و ئاژاوەگێڕ و خەڵكانێك نەبێت كە بەدەستكیسە ئەوە نەكەن هیچ كەسێكی نیشتمان پەروەر و دڵسۆز كاری وا ناكات".
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەلیم جبووری دوای ئەوەی شەوی رابردوو گەیشتە شاری سلێمانی، دەستی بە كۆبوونەوە و دیدارەكانی لەگەڵ بە جیا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئارام شێخ محەمەد و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ئاڵا تاڵەبانی كرد، ئەمڕۆش بە هاوڕێیەتی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئارام شێخ محەمەد سەردانی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا و مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانی كرد.
جبووری ئاماژەی بەوەشكرد لە هەماهەنگیدان بۆ سەردانی كردنی شاری هەولێر و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تری هەرێم، ئەو دەنگۆیانەشی رەتكردەوە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی داواكاری ئەوی بۆ بینین و كۆبوونەوە رەتكردبێتەوە.