عەنتاب
پارێزگاری عەنتاب وەیسەڵ داڵماز رایگەیاند: لە ناوچە جیاجیاکانی تورکیا بۆ ئاوارەکانی سوریا ٢٢ کەمپ دامەزراون، بە گشتی ٢٠٠ ھەزار ئاوارە لەو کەمپانەدا جێگیرکراون. لە شارەکانی وەکو مەرسین، ئیستەنبوڵ و چەندین شاری دیکەی تورکیایش ٥٠٠ ھەزار ئاوارەی دیکە نیشتەجێکراون.
وەیسەڵ داڵماز گوتی: "رێژەی ھەرە زۆری ئاوارەکان لە پارێزگاکانی عەنتاب، ئورفا، ھەتای نیشتەجێکراون، حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەر جۆرە رێوشوێنێکی پێویستیان گرتووەتە بەر، بڕیارە چەندین کەمپی دیکە دەکرێنەوە. ئەو ئاوارانەی کە دەرەتانی مانەوەیان لە شارەکان نییە بۆ نێو ئەو کەمپانە دەگوازرێنەوە."
راگەیەنراوە حکومەتی تورکیا تا ئێستا شوێنی پێویستی بۆ ٢٠ تا ٢٥ ھەزار ئاوارەی دیکە ئامادە کردووە. ھێشتا دیار نییە چەند ھەزار ئاوارەی دیکە روو لە تورکیا دەکەن، چونکە قەیرانی سوریا بەردەوامە و ئاسۆی چارەسەری قەیرانەکە دیار نییە.
ڤەیسەڵ داڵماز رایگەیاند: "لە ناوچەی میدیاد سەر بەپارێزگای ماردین، کەمپێکی نوێ ئامادە دەکەن بۆ ١٠ ھەزار ئاوارەی دیکە. کەمپی مەلەتی توانای لە خۆی گرتنی سێ ھەزار ئاوارەی ھەیە. لە وێرانشەھر بۆ ٢٠ ھەزار ئاوارە. لە نسێبین و عوسمانییە شوێن بۆ ٢٠ ھەزار ئاوارەی دیکە ئامادە کراوە."
سەرۆکایەتی لیژنەی کارەساتە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند: "بۆ ئامادەکردنی ئەو کەمپانە تا ئێستە یەک میلیار و ٢٥٠ ملیۆن لیرە سەرفکراوە. بێجگە لەو رێکخراوە مەدەنییەکانیش بڕە پارەیەکی زۆریان سەرفکردووە بەڵام ھێشتا ئاماری راست و دروست لە سەر ئەو بڕە پارەیە لە بەردەستدا نییە."