Ramal Mahmood
31 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە- AA
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆسەر پێگەکانی تیرۆریستان لە باکووری سووریا بەردەوامە لە ١٦١ـەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ٢٣١ ئامانجی داعش خاپوور کران و ٣٠ تیرۆریستی داعش کوژران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیاوە بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦ ـەوە بەمەبەستی نەھێشتنی ھەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سنوور لە باکووری سووریا دەستی پێکردووە، درێژەی ھەیە.
لە ١٦١ ـەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تیمی هێزە تایبەتییەکان دوای دیاریکردنی شوێنەکانیان، ٢٠٧ ئامانجی رێکخراوی تیرۆریستی داعش خاپوور کران.
فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکانیش ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییان بۆ سەر ٢٤ ئامانجی داعش لە ناوچەکانی ئەلباب، بزاعە و تەدیف ئەنجام دا و ٢٠ باڵەخانەیان خاپوور کرد کە وەک شوێنی مانەوە بەکاریان دەهێنان و چوار گەراجی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان لەناوبرد و سەنگەرێکی فڕۆکەشکێن و تۆپهاوێژیشیان تێکشکاند.
فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە میانی ئۆپەراسیۆنێک بۆسەر ئامانجەکانی داعش لە ئەلباب تونێلێکی ئەو رێکخراوەیان خاپوور کرد.
بەهۆی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و وشکانییەکان لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٣٠ تیرۆریست کوژران و چوار ئۆتۆمبێل تێکشکێنران.
- لەلایەکی دیکەوە ٤٣ بۆمبی دەستکرد لەلایەن ئەو تیمانەوە پووچەڵکراونەتەوە کە پشتیوانیی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن و لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەشەوە تا ئێستا ٣ ھەزار و ٥٥٠ بۆمبی دەستکرد پوچەڵکراونەتەوە و ٥٥ مین بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو، تەقێنراونەتەوە.
لەلایەنی دیکەوە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا گرتەی ڤیدیۆیی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئامانجەکانی داعش لە ئەلباب، بزاعە و تادیف بڵاوکردەوە.