رامەڵا
وەزیری دادی ئیسرائیل ( تزیپی لیڤنی) رایگەیاند: بەردەوامی پرۆسەی گفتوگۆی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین خزمەتی بەھێزکردنی پرۆسەی دیالۆگی دژە ئێرانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەکات.
وەزیری دادی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا بۆ رادیوی ئیسرائیل سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ھیچ شێوەیەک گەمارۆکانی سەر ئێران سست ناکات و گوتی" تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران دەگاتە ئامانجی خۆی، ئەو گەمارۆیانە بەردەوام دەبن.
تزیپی لیڤنی ھەروەھا رایگەیاند: مەترسی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران تەنیا بۆ سەر ئیسرائیل نییە، بەڵکو مەترسیەکەی بۆ ھەموو جیھانە و گوتی" گۆڕینی سەرکۆماری ئێران نابێتە ھۆکار تاران واز لە پرۆگرامی ئەتۆمی خۆی بھێنێت، بۆیە پێویستە جیھان زۆر ھۆشیاربێت.
کەناڵی دووی ئیسرائیلیش سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران رایگەیاندبوو: بۆ دژایەتیکردنی ئەو پرۆگرامە، ئیسرائیل لەگەڵ وەڵاتانی کەنداو دەستی بە دیالۆگ کردووە.
بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن ئامانجی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەیان ئاشتییانەیە کەچی وڵاتانی رۆژئاوا پێیان وایە کە ئێران دەیەوێ چەکی ئەتۆمی دروست بکات.