Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
30 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
دوای راوەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەشێوەیەکی فەرمی گەشتەکان دەستی پێکردەوە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەحمەد هۆشیار بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیەند "بەپێی رێککەوتنی نێوان دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانیی تورکیا و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانیی عێراق مانگانە 40 گەشت لەنێوان هەردوو وڵاتەکەدا دەبێت، 20 گەشتی رۆشتوو 20 گەشتی هاتوو".
ئەحمەد هۆشیار دەربارەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر گوتی: "لە 24ی ئەیلوول بە گەشتی فڕۆکەیەکی پێگاسوس دەستی پێکردەوە و لە 26ی مانگیش گەشتێکی تورکیش ئێرلاین هەبوو لە یەکی تشرینی یەکەمیش گەشتێکی ئونور دەبێت، دواتریش فلای دوبەی و هێڵی ئاسمانی عێراقیش دێتە ناو خشتەکە و رێککەوتنی لەسەر کراوە".
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەربارەی خشتەی گەشتەکانی تایبەت بە فرۆکەخانەکانیش رایگەیاند "مانگانە خشتەی گەشتەکانمان بۆ دەنێردرێت، هەر فڕۆکەخانەیە و لەو 40 گەشتە چەندی بەر بکەوێت بە خشتەیەک رێکدەخرێت و بۆمان دەنێردرێت".