Heman Hussein Yaseen
30 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦٧٣ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ٢٤ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ٤٧ ھەزار و ٨١٠ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە ھەزار و ٧٤٩ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، چوار ھەزار و ٩٧٩ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و دەرەنجام ٦٧٣ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
پارێزگای ھەولێر، ٢٩٧ تووشبوو و پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای سلێمانی، ٩٢ تووشبوو و ١٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی گەرمیان، ٢٨ تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای دھۆک، ٢٢٤ تووشبوو، ھەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای ھەڵەبجە، ٣٢ تووشبوو.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٣٠ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە، ھاوکات لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٤٦٦ ھەزار و ٧١٧ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٤٧ ھەزار و ٨١٠ تووشبوو کە ١٧ ھەزار و ٦٧٦ لە ھەولێر، ١٦ ھەزار و ١٥٥ لە سلێمانی، ١٢ ھەزار ٢٢٨ لە دھۆک و ھەزار و ٦٩٣ لە ھەڵەبجە بووە، لەنێویاندا ھەزار و ٧٤٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ٥٦٧ لە ھەولێر، ٨٨٧ لە سلێمانی، ٢٥٨ لە دھۆک و لە ٣٧ حاڵەت ھەڵەبجە بووە.