Abdullah Shukur
08 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2015
ھاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند کە لەبارەی سیستەمی سەرۆکایەتی تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان جیاواز بیرناکەنەوە. دەمیرتاش گوتیشی: " ئێمە دژی سیستەمی تاک پیاوین. لەمبارەیەوە لەگەڵ ئۆجەلان جیاواز بیرناکەینەوە".
دەمیرتاش پێشوازی لە شاندێکی پارتی سیریزای یۆنانی لە پەرلەمانی تورکیا کرد.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوە دا کە دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی سیریزا بەھێز بکەن و ھەر بەم مەبەستەش پێشوازیان لەم شاندە کردووە.
دەمیرتاش لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک بەوەی کە ئایا لەبارەی پرسی سیستەمی سەرۆکایەتی تورکیا جیاوازی بۆچوون لە نێوان ھەدەپە و ئۆجەلان ھەیە یان نا؟ گوتی: "لەگەڵ ئۆجەلان لە ماوەی رابڕدوو نەمانتوانی گفتوگۆ بکەین. نەمانتوانی بۆچوونی ئەو بزانین. لەبارەی رۆژەڤی ئەو کاتە بۆچوونمان جیاواز نەبوو. ئۆجەلان رایگەیاند کە دەتوانرێت پاڵپشتی لە سیستەمێکی دیموکرات بکرێت و ھاوکات دژایەتی سیستەمی تاکڕەوی و تاک پیاوی دەکەن. ئێمەش ئەمڕۆ شتێکی لەوە زیاتر ناڵێین. ئێمە دژی سیستەمی تاک پیاوین. لەمبارەیەوە لەگەڵ ئۆجەلان جیاواز بیرناکەینەوە".
دەمیرتاش لەبارەی ئەوەی کە ئایا خۆی بۆ کۆنگرەی داھاتوو کاندید دەکاتەوە یان نا؟ رایگەیاند کە ئەوان وەک دوو ھاوسەرۆک دەیانەوێت ئەم بابەتە تاوتوێ بکەن بەڵام ئەندامانی ھەدەپە پێداگرن لەسەر مانەوەی ھەردوو ھاوسەرۆکەکەی ئێستا.
دەمیرتاش لەبارەی گۆڕینی ئەرکی سەربازیی لە مووسڵ گوتی: "ئەمانە ھەموو ھەوڵی سیساسەتی دەرەوەیە کە بارگژی زیاد دەکات. تورکیا بە سەرۆکایەتی داودئۆغڵو ئێستا لە پێگەی شەڕ دایە. وادیارە کە ئاکپارتی پێداگرە لەسەر ئەوەی کە تورکیا رابکشێتە نێو ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ئێمە پێمان وایە کە ئەم سیاسەتانە ھەڵەن".
ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە ئاشکراشی کرد کە لە دیاربەکر و زۆر شوێنی دیکە بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ بەردەوامە. راشیگەیاند کە ئەگەر حکوومەت بژاردەی دانوستان ھەڵبژێرێتەوە ئەوا ھەدەپە ئامادەیە پاڵپشتی لێ بکات.
جێگەی باسە دەمیرتاش لەبارەی پرسیاری سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بۆ تورکیا رایگەیاند کە ئەوان زانیاریان لەسەر ناوەڕۆکی سەردانەکە نییە.