Mazın Asad
15 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2016
ئیستانبوڵ - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بیناڵی یڵدرم لە گوتەیەکی لە لووتکەی ھەناردەکردن لە ٢٠١٦ لە لایەن ئەنجوومەنی ھەناردەکارانی تورکیا، خۆشحاڵی خۆی لەمەڕ کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی گشت کەرتەکان.
یڵدرم گوتی: "ھیچ پێویست ناکات بێ ھیوا بین. ٢٠١٧ زۆر خۆش دەبێت. لێرەوە دەیڵێم حیساب و کیتابی خۆتان بکەن. پێویست بە چاوەڕوانی ناکات. ئەم ھەڵمەتی چەواشەکاریانە وێنای راستەقینەی تورکیا نیشان نادەن. توانا و وزەی تورکیا زۆر لە سەرو ئەوانەوەیە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا: "شتێک نییە بەناوی نادیاریی لە داھاتووی تورکیادا، ھەموو ئەمانە ھەڵمەتی چەواشەکارین، زۆر بەڕووی پێتان بڵێم. تەنیا یەک کارمان ماوە بیکەین، لەوەشدا ھەنگاوی باشمان ناوە. ئەو دۆخەی کە لەدوای ھەڵبژاردنی سەرکۆمار لە ٢٠٠٧ لەرێی خەڵکەوە ھاتۆتە ئاراوە پاشماوەی کودەتا، لەگەڵ دەستووری ئێستادا ناگونجێت. ئەوەی دەیکەین ئەوەیە کە سیستەمی حکووم لەگەڵ دەستووردا بگونجێنین، ئەمەش وزە و توانایەکی زۆری تورکیا بەفیرۆ دەدات. لەماوەیەکی کورتدا گۆرانکارییەکی سنووردار دەکەین و دەیبەینە ریفراندۆم، بۆ بەردەم میللەت. دواتریش ھیچ ھەڵبژاردنێک نییە. لە ٢٠١٧ دا ھیچ ھەڵبژاردن و شتی وانییە، لە ٢٠١٨ شدا تا ٢٠١٩ ھییچ شتێک نابێت. سەرقاڵی کارو فەرمانی خۆتان بن".
یڵدرم گوتیشی: "ئەوانەی پشت بەو رێکخراو و ئەم گرووپ دەبەستن و ھەوڵ دەدەن وڵات بەئاراستەیەکدا بەرن، مەحکوومن بەوەی لە سیاسەت و لە بازرگانیشدا بیدۆڕێنن".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەبارەی دۆخی ئابووری تورکیا گوتی: "ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن ئابووری تورکیا بەرەو خراپی دەچێت، ھەڵمەتێکی چەواشەکارانەی رێکخراوی تیرۆریستیە، دژ بەوڵاتەکەمان. بەڵام ھەرچییەک بکەن سەرکەوتوو نابن. چونکە ئەوەی دەیکەن کارێکی ھەڵەیە".
یڵدرم گوتیشی: "با پێکەوە دژ بەو گیانەوەرانەی بیرۆکراسی بوەستینەوە کە لە توانامان دەبەن و وزەمان بەخۆرایی دەبەن. کاری دەوڵەت قورس کردنی ئیشوکاری سەر ھاووڵاتیانی نییە، بەڵکو ھەوڵدانە بۆ ئاسانکاری و چارەسەر کردنی کێشەکانیان. دەزانین کە ھەڕەشەی جدی ھەیە، سەرچاوەکانیشیان دەزانین، بەڵام ئارام بگرن، بەسەر ھەموو ئەمانەدا زاڵ دەبین".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەبارەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ رایگەیاند: "(فەتۆ) ئەم رێکخراوە ھەرەشەیەکی جیھانییە. دەبێت بەراستی ناویان بنێین. ئەمانە تەنیا بەڵای سەری تورکیا نین، بەڵکو لە زۆر وڵاتدا خۆیان مەڵاس داوەو ھەڕەشەی جددین. ئەمانە بەھاکانی ئێمەیان بەکارھێنا. بەھا پیرۆزەکانی ئێمەیان لەناوبرد. دوایین ھەوڵی قێزەونیان ئەنجام دانی کودەتای سەربازی بوو. ئەوەشیان کرد، بەڵام وەڵامی خۆیان وەرگرت، لەمەودوا ھەرچییەک بکەن گەل وەڵامیان دەداتەوە".
یڵدرم گوتیشی: "وەک وڵاتێک کە رووداوی ١٥ی تەمووزمان بەسەر ھاتووە، نەمانتوانیوە تائێستا دەزگا حکوومییەکان لەو ڤایرۆس و میکرۆبانە پاک بکەینەوە کە خۆیان تێ خزاندووەو کردوویانەتە لانکەیەک، ھەوڵ بۆ ئەمە دەدەین. ھەر بۆیە لەناو بیرۆکراسییەکاندا، لەسەر کورسی، لەناو دادگا و سوپادا ئۆپەراسیۆنی پاک کردنەوە بەردەوامی ھەیە. تاماوەیەکی تریش ھەر بەردەوام دەبێت".