Enes Kaplan,Mazın Asad
04 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2018
موغڵا - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لەمیانی بەشداریکردنی لە پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی لقی ژنانی ئاک پارتی لە شاری موغڵا گوتارێکی پێشکەش کرد.
یڵدرم گوتی: "سەربازە قارەمانەکانمان لە عەفرین داستان دەنووسنەوە و ئاڵاکەمان لە بەرزترین گردەکان بەرز دەکەنەوە. خوێنی ئەو شەھیدانەی دوو رۆژ لەمەوبەر بە ناپاکی شەھید کران، لەسەر زەوی نەمایەوە. راجۆیان کۆنترۆڵ کرد و قارەمانەکانمان بەرەو عەفرین پێشڕەوی دەکەن. خوا پشت و پەنایان بێت. ھاوکات ئەفسەرە ئافرەتەکانیشمان بەشدارن. دوای تەواوکردنی پاککردنەوەی راجۆ پێشڕەویی دەکەین. شەھیدەکان لە ناخماندان، ئەوان نەمردن، بەڵکو لە ناو ناخی ٨١ ملیۆن ھاووڵاتی دەژین. رەحمەت بۆ گیانی گشت شەھیدەکان دەنێرن و شوێنیان بەھەشت بێت. ھیوای بەپەلە چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکانمان دەخوازم".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتیشی: "یەکێتی، برایەتی و پێکەوەیی دەپارێزین. ٨١ ملیۆن کەس وەک برا دەبین و جیاکاری لەگەڵ ھیچ کەسێکدا ناکەین. مافی ھەموو ھاووڵاتییەک و برایەکمان دەپارێزین. زیاتر پەرە بە وڵاتەکەمان دەکەین. بە پێداگری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبین. ئەو ھەڕەشانەی دەکرێتە سەر وڵاتەکەمان جا لە ھەر شوێنێک بێت ئامانجە بۆ ئێمە. بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مافی شەرعی ئێمەیە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم ئاماژەی بەوەش دا کە خوازیاری دەستەبەرکردنی زەمینەی ئاشتی، برایەتی، خۆشگوزەرانی و متمانەیین لە ناوچەکەدا و گوتیشی: "ئێمە لە پێناو کەمکردنەوەی ئازاری برا سووری و عێراقییەکانمان لەوێداین. ھەروەک لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات ناوچە ئارامەکانمان پێکھێنا، عەفرینیش لە تیرۆریستان پاک دەکەینەوە و رادەستی خاوەنی راستەقینەی خۆی لە عەرەب، کورد و تورکمان و ئەو برایانەی ستەمیان لێکراوە، دەکەین. باوەش بە زامی لێقەوماوان دەدەین و براکانمان لەوێ لە ستەمکاری رزگار دەکەین. ھەموو دەبینین کە چۆن ئەو کەسانەی لەوێدا گوندەکانیان رزگار کراوە خۆشی دەردەبڕن و نزا و سوپاس بۆ سەربازانمان دەکەن".