عەفرین
بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە شاری عەفرین لە باكووری رۆژئاوای سووریا دواخستنی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز كە رۆژی 21ی ئادارە راگەیانرا.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە عەفرین رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ 21ی ئادار لە بڵندگۆكانەوە لە مزگەوت و شەقامەكانی شاری عەفرین، هەواڵی بەڕێوەنەچوونی ئاهەنگی جەماوەری بەبۆنەی جەژنی نەورۆز راگەیانرا كە بڕیاربوو ئەمڕۆ لە گوڕەپانی نزیك شارەكە سازبكرێت. هاوكات ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری و ناوەندی بۆ ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە عەفرین دڵۆڤان دلۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هۆكاری دواخستنی ئاهەنگەكەی بۆ ئەو دوو تەقینەوە تیرۆریستییە گەڕانداوە كە دوو ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی لە شاری حەسەكە شەوی رابردوو كردبووە ئامانج. هەروەها ناوبراو گوتی: "كەشو هەوا گونجاو و لەبار نییە بۆ ئەوەی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە عەفرین ساز بكرێت". بەپێی ئەوەی دلۆڤان ئاماژەی بۆ كرد، بۆ كاتێكی نادیار سازكردنی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە شاری عەفرین دواخراوە، بەڵام ئاهەنگە تاكییەكان لە ناوچە و گوندەكان بە ویستی دانیشتوانەكانی ساز دەكرێن.
شەوی رابردوو شاری عفرین شەوی نەورۆز ئاهەنگی جەماوەری بە خۆوە بینی كە بەسەدان هاونیشتمان لەو شارە لە سەرجەم لایەنەکانی سیاسی تێدا بەشدار بوون بەڵام دوای بیستنی هەواڵی دوو تەقینەوە لە شاری حەسەكە، ئاهەنگەكە راگیرا. لەبارەی تەقینەوەكانی پارێزگای حەسەكە رێگەی گشتی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی جێبەجێكار لە شاری عفرین لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لە كاتێك دایە گەلی كورد لە حەسەكە خۆیان بۆ داگیرسانی ئاگری ئازادی و سەربەخۆ ئامادە دەكرد بەڵام دووبارە ناحەزانی ئازادی و سەربەستی و چەكدارانی داعش دوو هێرشی وەحشیگەرییان كردە سەریان كە بووە هۆی شەهیدبوونی بەدەیان كەسی بێ گوناح و بێ تاوان كە لە نێوانیاندا منداڵ و ئافرەت و بەساڵاچوو هەیە و بەدەیانی دیكەشی برینداركرد. هەر لە بەیاننامەكەدا بەتوندی ئیدانەی تەقینەوەكان لە شاری حەسەكە كراوە.