ئیستانبوڵ – AA
لە میانی یارییەکانی ھەفتەی شازدەھەمی خولی ئیتاڵیا بۆ تۆپی پێ (Serie A)دا، یانەی ئینتەر میلان بە ئەنجامی ١-٠ لە یانەی ناپۆلی بردەوە.
لە میانی یارییەکانی ھەفتەی شازدەھەمی (Serie A)دا، یانەی ئینتەر میلان میوانداری یانەی ناپۆلی کرد.
ھەر لەگەڵ دەست پێ کردنی یارییەکە، یاریزانانی یانەی ئینتەر میلان ھەوڵیان دەدا، زوو گۆڵ تۆمار بکەن و سێ خاڵی یارییەکە مسۆگەر بکەن کە تا دۆڕانەکەی شەوی رابردوو یانەی ناپۆلی تاکە یانەیە لە خولە گەورەکانی ئەورووپادا، تووشی شکست نەھاتبوو.
گێمی یەکەمی یارییەکە بەبێ تۆمارکردنی گۆڵ کۆتایی ھات و لەگەڵ دەست پێ کردنی گێمی دووەمی یارییەکە، یاریزانانی یانەی ئینتەر میلان بەھێزتر دەرکەوتن تا گۆڵ تۆمار بکەن.
لە خولەکی ٥٦ی یارییەکەدا، یاریزانی یانەی ئینتەر میلان، ئیدین دزیکۆ گۆڵێکی تۆمار کرد و یانەکەی پێشخست.
یارییەکەیش بە ئەنجامی ١-٠ لە بەرژەوەندی یانەی ئینتەر میلان کۆتایی ھات و بەوەیش سێ خاڵی یارییەکەی بەدەست ھێنا.
بەم ئەنجامەیش یانەی ئینتەر میلان کۆی خاڵەکانی گەیاندە، ٣٣ خاڵ و ریزبەندی چوارەمی (Serie A)ی گرتووە.
یانەی ناپۆلی وێرای دۆڕاندنی بەرامبەر بە یانەی ئینتەر میلان، خاوەن ٤١ خاڵە و لە ریزبەندی یەکەمی خولەکەدا ماوەتەوە.
ھەروەھا لە میانی یارییەکانی ھەفتەی شازدەھەمی خولی ئیتاڵیا بۆ تۆپی پێ، یانەی ئەی سی میلان بە ئەنجامی ١-٠ لە یانەی سالێرنیتانا بردەوە و یانەی یۆڤینتۆس بە ئەنجامی ١-٠ لە یانەی کریمۆنیزی بردەوە، هەروەها رۆما بە ئەنجامی ١-٠ لە پۆڵۆنیای بردەوە.
ھەر لە میانی یارییەکانی ھەفتەی شازدەھەمی خولی ئیتاڵیا بۆ تۆپی پێ، ئەتڵانتا و سبیزیا بە ئەنجامی ٢-٢ یەکسانبوون و ڤیۆرنتینا و مونزا-ش بە ئەنجامی ١-١ یەکسانبوون.