Sangar Hamad Azeez
24 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2016
كەرنەڤاڵی دی ڤێنیسا 'بندوقیە' كەرنەڤاڵێكی میللییە و ساڵانە وەك نەریتێك لە شاری ڤێنیسا ئەنجام دەدرێت و تێدا هاووڵاتیان جلو بەرگی تایبەت و ماسك دەپۆشن.
مێژووی دەست پێ كردنی ئەو كەرنەڤاڵە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١١٦٢ ئەو كاتەی كە شانشینی ڤینیسیا توانی بەسەر پیتراركی ئیكویلیا سەربكەوێت، ئەوەبوو بەو بۆنەیەوە ئەو ئاهەنگەیان ئەنجام دا كە خەڵكەكە بەیەكەوە بەرەو گۆڕەپانی 'سان ماركۆ' بەناوبانگترین گۆڕەپانەكانی ڤینیسیا بەڕێ كەوتن و هەریەكیان دەمامكێكی شێوە جیاوازی پۆشی بوو بۆ شاردنەوەی دەموچاوی.
لەوكاتەوە ئەو كەرنەڤاڵە بووەتە بۆنەیەكی فەرمی کە ساڵانە یادی دەكرایەوە تاكو داگیركردنی هەرێمی 'ڤێنتۆ' لەلایەن 'ناپلێون' ئیمپراتۆری فەڕەنسا و دواتر لەلایەن نەمساوییەكان لە ساڵی ١٧٩٧ قەدەغە كرا. تا ساڵی ١٩٧٩ حكوومەتی ئیتاڵیا بڕیاری دا جارێكی تر ئەو بۆنەیە ئەنجام بدرێتەوە بۆ زیندووكردنەوەی مێژوو و كولتووری شاری ڤینیسیا.
ساڵانە لە كاتی كەرنەڤاڵەكەدا نزیكەی سێ ملیۆن گەشتیار روو لەو شارە دەكەن كە تیایدا پێشبڕكێی جوانترین دەمامك ئەنجام دەدرێت، هەروەها چەندین شانۆگەری پێشكەش دەكرێن كە باس لە مێژوو و رەسەنایەتی ئەو شارە دەكەن.
هەندێك لەو دەمامكانە زۆر ترسناك و سەیرن، بەڵام ئەمە بووەتە سیمبولی شارەكە و لێی جیا ناكرێتەوە بۆیە ئەوەی سەردانی شاری ڤینیسیا بكات مەحاڵە بەبێ دەمامك بگەڕێتەوە.
نرخی ئەو دەمامكانەی كە لەو كەرنەڤاڵەدا هاووڵاتییان بەكاری دێنن بەگوێرەی شێوە و جۆری دەمامكەكە دەگۆڕێت كە لە ٥ یۆرۆ دەست پێ دەكات تا ٤ هەزار یۆرۆ.
ئەو كەرنەڤاڵە كە دوێنێ دەستی پێ كرد و تا نۆی شوباتی داهاتوو درێژەی دەبێت ساڵانە لە كۆتا رۆژدا لە مەڕاسیمی كۆتاییدا هاووڵاتییان جوانترین جلوبەرگ و ماسك دەپۆشن و تێدا كێربەركی دەكرێت لەسەر هەڵبژاردنی جوانترینیان.