ئیستانبوڵ - AA
ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسی کە ماڵئاوایی لە یانەی بارسێلۆنا کرد کە یەکێکە لە یانە پلە یەکەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا (لا لیگا)، ئاماژەی بەوە کرد جێهێشتنی یانەکە لە دوای ٢١ ساڵ زۆر قورسە بۆ خۆی و ئامادەی ئەوە نەبووە.
لیۆنێل مێسی-ی تەمەن ٣٤ ساڵ، هەموو ئەو جام و نازناوانەی کە لە بارسێلۆنا بەدەستی هێنابوو، هێنا بۆ ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەی کە لە یاریگای نیو کامپ بەڕێوەچوو.
لیۆنێل مێسی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا کە راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، رۆناڵد کۆیمان و هاوڕێیانی لە یانەکە بەشداربوون، نەیتوانی بەر بە فرمێسکەکانی بگرێت.
ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسی ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی رابردوو ویستوویەتی یانەکە جێبهێڵێت و گوتی: '' ئەمساڵ جیاواز بوو. من و خانەوادەکەشم قایلبووین بەوەی لێرەدا لە ماڵەوە بمێنینەوە. ئەوە خواستی ئێمە بوو، نازانم چی بڵێم. دوای ٢١ ساڵ لەگەڵ هاوسەر و سێ منداڵە کەتەلۆنی-ئەرجەنتینیەکەم شارەکە جێدەهێڵم. ناچارم ماڵئاوایی لە هەموو شتێک بکەم. دوای روودانی دەیان شت، زۆر قورسە بۆ من. ئامادەی جیابوونەوە نیم''.
لیۆنێل مێسی ئەوەشی خستەڕوو لە لە یەکەم رۆژەوە هەموو شتێکی بەخشیوەتە یانەکە، گرێبەستی نوێ ئامادەبووە، بەڵام لە کۆتا خولەکدا بەهۆی چاکسازییەکانی لا لیگاوە واژوو نەکرا.
مێسی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو بانگەشانەی باس لە گواستنەوەی دەکەن بۆ یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی گوتی: ''گەرەنتیم نەداوە بە کەس. دوای راگەیاندنی جیابوونەوە، ژمارەیەکی زۆر تەلەفۆنم بۆ هات و گفتوگۆم کردووە، پاریس سان جێرمان ئەگەرێکە''.
دوای تەواوبوونی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە، تەواوی بەشداربووان لە هۆڵەکەدا بە پێوە لیۆنێل مێسی-یان چەپڵەرێزان کرد.
مێسی کە لەگەڵ یانەی بارسێلۆنادا بەشداری لە یارییەکانی ١٧ وەرزدا کردووە ٣٤ نازناوی بەدەست هێناوە؛ لەوانەش ١٠یان لە لا لیگا و چواریان لە لیگی پاڵەوانێتی تۆپی پێی یەکێتیی ئەورووپادا.
هەروەها مێسی تێکڕا بەشداری لە ٧٧٨ یارییدا کردووە بۆ بارسێلۆنا و ٦٧٢ جار گۆڵی بەرامبەری هەژاندووە.
لەو ماوەیەشدا مێسی شەش جار نازناوی یاریزانی تۆپی پێی ساڵی پێ بەخشراوە، هەروەها چوار جار خەڵاتی تۆپی زێڕینی فیفایشی (FIFA Ballon d'Or)ی بەدەست هێناوە.