Erkan Tiryaki
08 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2021
تۆکیۆ - AA
ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ ٢٠٢٠ کە ٢٣ی تەمووزی رابردوو دەستی پێ کرد و بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە بەبێ جەماوەر بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ کۆتایی هات.
لە ئاهەنگی کۆتایی هاتنی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ ٢٠٢٠ کە لە یاریگای ئۆڵۆمپیاد و بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بەبێ جەماوەر بەڕێوەچوو، ئاڵای سەرجەم وڵاتان لەلایەن وەرزشوانانەوە برایە گۆڕەپانی یاریگاکە.
دوای تەواوبوونی کێبڕکێکان ئەو وەرزشوانانەی تۆکیۆ جێناهێڵن، هێنرانە گۆڕەپانی یاریگاکە و بەشداریان لە ئاهەنگەکەدا کرد.
گۆرانیبێژی ژاپۆنی میلێت، کۆنسێرتێکی کورتی پێشکەش کرد و ئاهەنگەکە بە موزیک، دانس، نمایش و هەڵدانی یارییە ئاگرینییەکان بەردەوام بوو.
هەروەها خەڵات بەسەر ئەو خۆبەخشانەدا دابەشکرا کە لە تۆکیۆ ئەرکیان گرتوبووە ئەستۆ.
ئاڵای ئۆڵۆمپیاد رادەستی فەڕەنسا کرا کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا میوانداریی دەکات لە پاریس.
لە دوای رێوڕەسمی رادەستکردنەکەش، سرودی نیشتمانی فەڕەنسا لێدرا و دیمەنی ناساندنی پاریس لە شاشەکاندا رەنگی دایەوە.
ئاهەنگی کۆتایی هاتنی ئۆڵۆمپیاد بە کوژاندنەوەی مەشخەڵی ئۆڵۆمپیاد کۆتایی هات و ئاگرەکە بەدرێژایی سێ ساڵ و تا ئۆڵۆمپیادی پاریس داناگیرسێتەوە.
