سلێمانی
كۆمەڵەی ئەكادیمیانی كوردستان بە هاوكاری زانكۆی پۆلەتەكنینكی سلێمانی دەربارەی ئاستی خوێندن و ئاستی زانستی زانكۆكانی هەرێم كۆڕێكی بە ناونیشانی " نەخشە ڕێگایەك بۆ پێشخستنی رەوتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان" بۆ دكتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێكخست.
لە كۆڕەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا تیشكی خستە سەر ئاستی زانستی زانكۆكانی هەرێم و توانستی زانكۆكان بە بەراورد بە زانكۆكانی جیهان و دەوڵەتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپشت بەستن بە چەند داتا و ئامارێك كە لەبەردەستدان.
بەو ئامارانەش ئەوەی خستە ڕوو كە لە ئێستادا زانكۆكانی هەرێم لە ئاستێكی باشدا نین هەرچەندە لەڕووی ژمارە و بەشەوە زۆر زیادی كردوە كە لە سەرەتای راپەڕین هەرێمی كوردستان خاوەنی یەك زانكۆ بوو بەڵام ئێستا خاوەنی 14 زانكۆی حكوومی و 15 زانكۆی ئەهلییە.
دەربارەی ژمارەی توێژینەوەكان كە لە زانكۆكاندا ئەنجامدەدەرێت دەربارەی كێشەكانی ناو كۆمەڵگا بە ئامانجی چارەسەر یاخود توێژینەوەی زانستی دەربارەی بابەتە زانستییەكان دكتۆر یوسف گوتی: "لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لەهەموو عێراق كەمتر لە سێ هەزار توێژینەوە ئەنجامدراوە بەڵام بە بەراورد بە میسر كە ئەویش ووڵاتێكی عەرەبییە لەوێ لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا توانیویانە 55 هەزار توێژینەوە ئەنجام بدەن. ئەگەر لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ووڵاتانی دەورووبەریش بەراوردی بكەین ئەوا دەبینین لە توركیا 235 هەزار توێژینەوە و لە ئێران 156 هەزار توێژینەوە ئەنجامدراوە, لە ووڵاتێكی وەك ئیسرائیلیش كە ژمارەی دانیشتوانیان نزیكە لە هەرێمی كوردستانەوە لەو سێ ساڵەدا 153 هەزار توێژینەوەی جیاجیان ئەنجام داوە .ئەمە لە كاتێكدا كە لە دوای ساڵی 2004 لە عێراق ژمارەی توێژینەوەكان بەرەو سەرەوە رۆشتوە و زیادیان كردووە".
دەربارەی هەرێمی كوردستان وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی گوتی: "زانكۆكانی هەرێمیش لە رووی توێژینەوەكانەوە زۆر لاوازن بە جۆرێك لە ساڵی 2014دا بە هەموو زانكۆكان كە حەوت هەزار مامۆستا وانەی تێدا دەڵێنەوە توانیویانە 1378 توێژینەوە ئەنجامبدەن واتە بە 5,2 مامۆستا یەك توێژینەوە ئەگەر بەراوردی ساڵیشی بۆ بكەین هەر مامۆستایەك بە پێنج ساڵ جارێك دەتوانێت توێژینەوەیەك ئەنجامبدات كە ئەوە ژمارەیەكی زۆر كەمە و دەبێت هەوڵی چاككردنی بدەین".
گوتیشی: "لەنێوان زانكۆكان و شارەكان ژمارەكە جیاوازە و زۆرترین توێژینەوە لە زانكۆی سلێمانی ئەنجامدراوە كە 336 توێژینەوەیە و زانكۆی هەڵەبجەش كەمترین ژمارەیە كە 11یە بەهۆی بچوكی زانكۆكە".
باسی لەوەش كرد ئەگەر دەزگانێودەوڵەتیەكانی توێژینەوە لە جیهاندا ئەم بژاردنەیان بكردایە بێگومان ژمارەكە زۆر كەمتر دەبوو چونكە ئەوان لەسەر ژمارەیەك داتا و پێوەر توێژینەوەكان ئەژمێرن وەك ئەوەی لەكوێ بڵاوبۆتەوە و كێ خوێندویەتیەوە و هتد...
دەربارەی پلانەكانی وەزارەتەكەشی بۆ باشتر كردنی ئاستی زانستی زانكۆكان گوتی: "ئێمە چەند پلانێكی كاركردنمان داناوە بۆ نموونە بۆ لەمەودوا هەوڵدەدەین ریزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكان تا پێشبڕكێیەك بكەوێتە نێوانیان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستیان هەروەك پێداچونەوە دەكەین بە كوالێتی زانكۆكان و پرۆگرامەكانی خوێندن".
گوتیشی: "ئەنجوومەنی باڵای لێكۆڵینەوە دروستدەكەین كە لەڕێیەوە هەوڵی دابینكردنی سپۆنسەر بۆ توێژەران و توێژینەوەكانیان دەدەین".
ئاماژەی بەوەشدا كە زانكۆكانی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا كەموكوڕی هەیە بۆیە هەوڵدەدەن ئەو كەموكوڕیانە چارەسەر بكەن و پەرەش بە تواناكان بدەن.
لە كۆتایی قسەكەشیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی گوتی: "ئێستا كاردەكەین لەسەر ئەوەی هاوشێوەی زانكۆكانی ئەورووپا زانكۆكانی هەرێم بە تۆڕی بۆلۆناوە ببەستین و كار بە پرۆسەی بۆلۆنا بكەین كە لەو ڕێگەیەوە سیستم و پرۆگرام و شێوازی خوێندنی زانكۆكان لەگەڵ ئەوانەی ئەورووپا ڕێكدەخرێت بەو رێگەیەش چیدیكە پێویست بە تازەكردنەوەی بڕوانامەی ئێمە ناكات بۆ ئەورووپا و بە پێچەوانەشەوە".
دواتر دكتۆر ئاسۆ فەرەیدون وەك سەرۆكی كۆمەڵەی ئەكادیمیانی كوردستان لە ووتەیەكی كوردتدا چەند سەرنج و تێبینیەكی خستە ڕوو دەربارەی ئاستی زانكۆكان و چۆنیەتی باشتر كردنیان و گوتی: "زۆر گرنگە كار لەسەر ئەوە بكەین كە خوێندكار و مامۆستا لە چ ژینگەیەكدا بە یەك دەگەن واتا چەند مامۆستا و خوێندكار بۆ وانەیەك پێكەوەن و شێوازی وانە ووتەنەوەكان چۆنن و چی لێبكرێت باشترە, هەروەك دەبێت بپرسین ئێمە ساڵانە چەند بڕوانامەی دكتۆرا و ماستەرمان بۆ بەرهەم دێت و چۆن سوودیان لێوەربگرین وە ئەوەی لە هەمووشی گرنگترە دەبێت بپرسین خوێندكار كە دەخوێنێت دواڕۆژی چیە؟".
دەربارەی توێژینەوەكانیش گوتی: "ئێمە ناتوانین توێژینەوەی باش ئەنجامبدەین تا نەبەسترێینەوە بە داتا بەیسی جیهانیەوە بۆ وەرگرتنی زانیارییەكان هەروەك خاڵی بەهێزی توێژینەوەكان ئەوەیە لەكوێ بڵاودەبێتەوە و چەند كەس و كێ بەكاری دەهێنێت و دەیخوێنێتەوە".
پێی وابوو گرنگە گۆڤاری ئەلیكترۆنی بۆ ئەو مەبەستە دروستبكرێت تا توێژینەوەكان بگات بە هەموو كەس.
بۆ پیشاندانی هێزی توێژینەوەكانی هەرێمی كوردستانیش كە تا ئێستا كراوە گوتی: "ئێستا لە سلێمانی 13 كۆمپانیای نەوت كاردەكەن هیچ كامیان توێژینەوەی زانكۆیەكی ئێمەیان بەكارنەهێناوە بۆیە گرنگە توێژینەوەكان بەبازاڕ بكرێن".