13 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2017
ھەولێر -AA
ئێوارەی دوێنی دوای دابینکردنی خوانی بەربانگ بۆ ئاوارەکانی مووسڵ لە کەمپی (U٢)ی خازر لەلایەن رێکخراوێکی خێرخوازی نزیکەی ۸۰۰ کەس ژەھراوی بوون و تا ئێستا ۲ کەس گیانی لە دەستداوە.
سەرپەرشتیاری گشتی کەمپەکانی خازر - حەسەن شام، زرگار عوبێد ھەواڵەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پشتراستکردەوە و گوتی: "بەداخەوە ئێوارەی دوێنی ۳۰ خولەک دوای بەربانگ لە کەمپی (U٢)ی خازر ئاوارەکانی مووسڵ نزیکەی ۸۰۰ کەس بەھۆی خواردنی گەرمەوە ژەھراوی بوون و تا ئێستا ۲ کەس گیانیان لە دەستداوە تەندروستی بەشێکیشیان ناجێگیرە، و ھەروەھا بەشێکی زۆری ئاوارەکان گواستراەنەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ھەولێر".
رزگار عوبێد گوتیشی: "رێکخراوێکی خێرخوازی ئەو خواردنەی بۆ ئاوارەکانی ئەم کەمپە ئامادەکردبوو، تا ئێستا گەرمی کەشوھەوا و ھاوکات خواردنە گەرمەکە وەک ھۆکار سەیر دەکرێن، بەڵام ئێمە وەک ئیدارەی کەمپ گومانێکی زۆرمان لەسەر خواردنەکە ھەیە، پەڕاوی لێکۆلینەوەمان ھەڵداوەتەوە لەو رووداوە تا نەگەین بە ئەنجام ناتوانین ھیچ کەس و رێکخراوێک تاوانبار بکەین".
دەشڵێت "خواردنەکە لە برنج و شڵەی فاسۆلیا و مریشکی سورکراوە و دەبەی ماستاو و ئاوی خواردنەوە پێکھاتبوون".
ھەروەھا وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان د. رێکەوت حەمەرەشید، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زیاتر لە 750 کەس تووشی ژەهراویبوونی خۆراک بوون و هەموو نەخۆشەکان کاری پێویستییان بۆ کراوە"
ھەروەھا وەزیری تەندروستی گوتيشی: "رێکخراوێکی خێرخوازی بۆ بەربانگ لە رێستۆرانتێکی ھەولێرەوە خواردنی بۆ دوو ھەزار ئاوارەی کامپەکە بردووە و لێپێچینەوە بۆ ھۆکاری رووداوەکە دەکرێت"
کەمپی (U٢)ی خازر کەمپێکی نوێیە و نزیکەی ۲ ھەزار ئاوارەی مووسڵی تێدا نیشتەجێن.