Mücahit Oktay
29 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2021
نیویۆرك-AA
گه‌وره راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ی نیشتمانیی نه‌خۆشییه گوازراوه و هه‌ستیارییه‌كان، دكتۆر ئه‌نتۆنی فاوچی ئاشكرای كرد، ئه‌وه‌ی كه جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌مریكا ده‌بێت، گومانی تێدا نییه.
ئه‌نتۆنی فاوچی له لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی ABCی وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاند: "به دڵنیاییه‌وه جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌مریكا ده‌بێت. له زۆر وڵاتی دیكه‌دا، ده‌ستنیشان كراوه".
فاوچی كه بووه میوانی پرۆگرامی "ئه‌م هه‌فته‌یه"، له وه‌ڵامی پرسیاری پێشكه‌شكاره‌كه به‌وه‌ی كه ئایا جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا له ئه‌مریكا ده‌ستنیشان كراوه یان نا، رایگه‌یاند: "هێشتا ده‌ستنیشانمان نه‌كردووه و سیستمهكی چاودێریی زۆر باشمان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م ڤایرۆسه چووه‌ته نێو زیاتر له ولاتێك و به دڵنیاییه‌وه لێره‌ش ده‌ستنیشان ده‌كرێت. پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یه، كه ئایا ئێمه بۆ ئه‌مه ئاماده‌ین؟".
گه‌وره راوێژكاره‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌ش كرد، له حاڵه‌تی گه‌یشتنی ئه‌و جۆره نوێیه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌دا به ئه‌مریكا، ئه‌وا پێویسته پێداچوونه‌وه بۆ پرۆتۆكۆڵه ته‌ندروستییه‌كان بكرێت.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن سه‌باره‌ت به جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا كه ٢٦ی تشرینی دووه‌م له ئه‌فریقای باشوور سه‌ری هه‌ڵدا، به پێویستی زانیبوو كه هه‌رچی زووه هه‌نگاو دژی ئه‌و جۆره نوێیه بگیرێته به‌ر، و ئاشكرای كردبوو، له رۆژی دووشه‌ممه‌وه گه‌شته ئاسمانییه‌كان له ئه‌فریقای باشوور، بۆتسوانا، زیمبابۆی، نامیبیا، لێسۆزۆ، ئێسڤاتینی، مۆزه‌مبیق و مالاوی راده‌گیرێن.