Adam Abu-bashal
30 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2023
ئەبوجا - AA
تای لاسا کە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٤٠ کەس لە نێجیریا.
ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکان لە نێجیریا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە یەکی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا تای لاسا لە ٢٣ ویلایەتی ئەو وڵاتە بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، ٤٠ کەس بەهۆی ئەو تایەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەمشێوەیەش لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا، ١٤٢ کەس لەو وڵاتە بەهۆی تای لاساوە گیانیان لەدەستداوە و لەو ماوەیەشدا، ٧٨٤ حاڵەتی تووشبوون تۆمار کراون.
حکوومەتی نێجیریا لە سەرەتای مانگی شوباتەوە بەهۆی تای لاساوە "دۆخی لەناکاو"ی راگەیاندووە.
ساڵانە لە کاتی وشکەساڵیدا و لەنێوان مانگەکانی تشرینی دووەم- ئایاردا تای لاسا پەرەدەسەنێت لە یەکی کانوونی دووەم تا ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەو وڵاتە ٩٨٩ حاڵەتی تووشبوون بەو تایە تۆمار کراون و ١٧٨ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
- بۆ یەکەمجار تای لاسا لە ساڵی ١٩٦٩دا لە نێجیریا تۆمار کرا
تای لاسا کە تا ئێستا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا تۆمارکراوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٩دا لە نێجیریا تۆمار کرا.
بەهۆی بەرکەوتن بە پاشەرۆی مشک، ئەم جۆرە تایە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ، دواتریش لە مرۆڤەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەبێتە هۆی خوێنبەربوونێکی کوشندە.
بەرپرسانی نێجیریاش بەردەوام هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییانیان کە خۆیان لە هەموو جۆرە بەرکەوتنێک لەگەڵ مشک و ئاژەڵە خورۆکەکانی هاوشێوەی بەدووربگرن.