Hemın Othman Mohammed
12 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2016
سەبارەت بە رووداوەكە، باڵیۆزی توركیا لە ئابوجای پایتەختی نێجیریا هاكان چاكڵ، بە ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دووری 90 میل لە باشووری بەندەری پۆرت هاركۆرت باشووری نێجیریا، شەش كەس لە دەستەی كەشتیوانی كۆمپانیایەكی توركی رفێنران".
چاكڵ باسی لەوە كرد كە لە ئێستادا كەشتیەكە بەردەوامە لەسەر گەشتەكەی و، گومانیش دەكرێت كەسە رفێنراوەكان لە دەلتای رووباری نێجەر بە بارمتە گیرابن.
هاوكات باڵیۆز چاكڵ ئاماژەی بەوە كرد كە لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی نێجیریا و مولحەقی سەربازی توركەوە، بە بەردەوامی لەگەڵ هێزی دەریاوانی نێجیریا زانیاری دەگۆڕنەوە و گوتی: "ژمارەی تەلەفۆنی كاپتنی كەشتیەكە "ئیلكای ئۆغڵو"مان لایە، بەڵام هێشتا ناتوانین پەیوەندی لەگەڵ ببەستین. زانیاری سەرەتاییمان پێگەیشتووە لەوەی كە تەندروستیان باشە. گومان دەكەین كەسە رفێنراوەكان لە دەلتای رووباری نێجەردا دەستبەسەر كرابن. ناوچەكە زۆر نائارامە و شوێنێكە كە چەتەیی دەریایی زۆر تیایدا روو دەدات. لە رێگەی یاساییەوە ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی لە كەمترین ماوەدا ئازاد بكرێن".