Haydar Şahin
06 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2023
تاران – AA
لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لەسەر حاڵەتەکانی ژەهراویبوونی بە کۆمەڵ لە قوتابخانەکانی ژمارەیەک لە پارێزگاکانی ئێران کە نزیکەی سێ مانگە تۆمار دەکرێن، چەندین کچە قوتابی دیکە لە شەش پارێزگای ئێران ژەهراوی بوون.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، حاڵەتەکانی دیکەی ژەهراوی بوون لە پارێزگاکانی خۆراسانی باکوور، فارس، خۆراسانی رەزەوی، ئەسفەهان، ئیلام و خوزستان تۆمار کراون.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی خۆراسانی باکوور، ئەبولقاسم ئەکبەری ئاماژەی بەوە داوە ٤٦ کچە قوتابی لە دوو قوتابخانەی شاری بۆجنورد ژەهراوی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئەبولقاسم ئەکبەری سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە نیشانەکانی وەک دڵتێکەڵهاتن، بێتاقەتی و سەرسووڕان لەو قوتابییانەدا دەرکەوتووە و رەوشی تەندروستییان باشە.
هەروەها ٢٤ کچە قوتابی دیکە لە شارەکانی شیراز و سەروستان سەربە پارێزگای فارس، بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەی لەم جۆرەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
چەندین کچە قوتابی دیکە لە شارەکانی ئەیوان سەربە پارێزگای ئیلام، کاشان سەربە پارێزگای ئەسفەهان، مەشهەد سەربە پارێزگای خۆراسانی رەزەوی و ئەهواز سەربە پارێزگای خوزستان بەهۆی دەرکەوتنی نیشانی هاوشێوەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
لە لایەکی دیکەوە تا ئێستا ٧٠٠ کچە قوتابی لە شەش شاری سەربە پارێزگای خوزستان ژەهراوی بوون و ٢٠٠ لەو قوتابییانە خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکی.
- حاڵەتەکانی ژەهراویبوونی کچە قوتابییەکان لە ئێران
ژەهراویبوونی بەکۆمەڵ لە رێککەوتی ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ەوە لە ئێران بووەتە جێی سەرنج. لە میانی نزیکەی ١٠٠ رۆژدا لە پارێزگاکانی قوم، لوڕستان، تاران، ئەردەبیل، کرماشان، سیمنان، مازەندەران، چەهارمەحاڵ و بەختیاری، ئەلبورز، خۆراسانی باکوور، زەنجان، فارس، ئازەربایجانی خۆرئاوا، خوزستان و خۆراسانی رەزەوی زیاتر لە دوو هەزار قوتابی ژەهراوی بوون. نیشانەکانی وەک کێشەی هەناسەدان، دڵتێکەڵهاتن، ژانەسەر و سڕبوون لەو قوتابییانەدا دەرکەوتووە.
سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و توێژینەوە و تەکنەلۆجیا لە پەرلەمانی ئێران، عەلیرزا مونادی سەفیدان کە کار لەسەر حاڵەتەکانی ژەهراویبوون دەکات کە تا ئێستا هۆکارەکانیان نادیارن، رایگەیاندبوو: "بەپێی بەدواداچوون و ئەنجامی پشکنینەکان، ئەوە دیاریی کراوە کە گازی دایازۆت N2 لە ژەهرەکەدا دۆزراوەتەوە کە لە قوتابخانەکاندا بەکاردەهێنرێت".
رۆژی ٢٦ی شوبات، جێگری وەزیری پەروەردە و فێرکردنی ئێران، یونس پەناهی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە دابوو کە ئەوان پێیان وایە کە ژەهراویبوونی ئەو خوێندکارانە بە مەبەست بووە و رایگەیاندبوو: "دەرکەوتووە کە هەندێک کەس دەیانویست هەموو قوتابخانەکان بە تایبەت قوتابخانەکانی کچان دابخرێن".
رۆژی یەکی ئادار، سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، وەزیری ناوخۆ، ئەحمەد واحیدی و وەزیری هەواڵگری، ئیسماعیل خەتیب و وەزیری تەندروستی، بەهرام عەینوڵڵاهی راسپارد بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ژەهراویبوون.
ئیبراهیم رەئیسی لە راگەیەندراوێکدا لە سێی ئاداردا، حاڵەتەکانی ژەهراویبوونی بە "پیلانی دوژمن بۆ دروستکردنی ترس و نائومێدی لەنێو خەڵکدا" وەسف کرد.
بەپێی بانگەشەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، کۆمەڵێک گرووپی رادیکاڵ لەناو حکوومەتی ئێران هەن کە دەیانەوێت لەو رێگەیەوە تۆڵەی خۆپیشاندانەکانی مەهسا ئەمینی بکەنەوە.
لە لایەکی دیکەوە لە پێنجی ئاداردا، وەزیری پەروەردەی ئێران، یوسف نوری سەبارەت بە حاڵەتە بەردەوامەکانی ژەهراویبوون لێدوانێکی دا و گوتی: "لە نیگەرانییەکانی دایکان و باوکان تێدەگەین و داوای لێبوردن دەکەین. بە جیددی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین. چاوەڕێی ئەوە دەکەین ئەو بابەتە بەزووترین کات روون ببێتەوە".
- خۆپیشاندانەکانی ئێران
رۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" مەهسا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و لە کۆتاییدا، رۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
مەهسا ئەمینی رۆژی ١٧ی ئەیلوول لە شاری سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش خۆپیشاندان دروست بوو کە لە ماوەیەکی کەمدا، شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە.
لە خۆپیشاندانەکاندا کە ماوەی چەند مانگێکی خایاند نزیکەی ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە ١٠٠ کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست دا.