Heman Hussein Yaseen
15 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٧٨ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە و، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ١٠٤ ھەزار و ٩٢١ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە سێ ھەزار و ٤٣٤ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە کە تیاییدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەمیانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی سێ ھەزار و ٨٣٣ پشکنین، ٧٨ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، ھاوکات لەو ژمارەیەش سێ کەس بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستداوە.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
لە ھەریەک لە پارێزگاکانی ھەولێر، ٢٤ حاڵەت، سلێمانی ٢٣ حاڵەت و، دھۆک ٣١ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون.
لە بەشێکی راگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٩٦٥ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە و، گەڕاونەتەوە نێو خێزانەکانییان.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٠٤ ھەزار و ٩٢١ تووشبوو، لەنێویاندا سێ ھەزار و ٤٣٤ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە ھاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ و دانانی ماسک و دەستکێش، ھەروەھا لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن