Heman Hussein Yaseen
08 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦٨٧ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) و ١٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ٣٣ ھەزار و ٦٨٥ و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە ھەزار و ٢٤٦ کەس".
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە ، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، شەش ھەزار و ١٢ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە، ھەزار و ٧١٣ لە ھەولێر، ٦٥٢ لە سلێمانی، ١٦٩ لە گەرمیان، ٣٩٧ لە راپەڕین، ٥٥ لە ھەڵەبجە و، سێ ھەزار و ٢٦ کەسیش لە دھۆک بوونە، دەرەنجام ٦٨٧ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە و ١٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
پارێزگای ھەولێر، ١٩٩ تووشبوو، حەفت حاڵەتی گیانلەدەستدان.
شاری سلێمانی، ٧٨ تووشبوو، پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی گەرمیان ٢٤ تووشبوو.
ئیدارەی راپەڕین ٧٢ تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای دھۆک، ٢٧١ تووشبوو ، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ھەڵەبجە، ٢٧ تووشبوو.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٢١ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە کە ٢١٣ لە ھەولێر، ٣٢ ئیدارەی گەرمیان، ٤٩ راپەڕین و، ٢٧ لە ھەڵەبجە بووە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٣٥٤ ھەزار و ٧٩٧ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە، ١٣٧ ھەزار ٣٢٨ لە ھەولێر، ٩٤ ھەزار و ٨٣١ لە سلێمانی، ١١٩ ھەزار و ٢٦٧ لە دھۆک و، سێ ھەزار و ٣٧١ لە ھەڵەبجە بووە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ھیچ ھاووڵاتییەکی نوێ کەرەنتین نەکراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٣٣ ھەزار و ٦٨٥ کەس و ھەزار و ٢٤٦ حاڵەتی گیانلەدەستدانیش ھەیە کە٤٦٥ لە ھەولێر، ٦٨٢ لە سلێمانی، ٨٠ لە دھۆک و ١٩ کەسیش لە ھەڵەبجە گیانییان لەدەستداوە .
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە ھاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ و دانانی ماسک و دەستکێش، ھەروەھا لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن.