Hakan Çopur
08 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2018
واشنتۆن - AA
وەزیری بەرگری ئەمریکا، جێمس ماتیس رایگەیاند لە ئێستادا ئەگەری شەڕ لەگەڵ کۆریای باکوور کەمبۆتەوە لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ماوەی رابردوو.
جێمس ماتیس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، باسی لە چەند پرسێک کرد.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەگەری شەڕ لەگەڵ کۆریای باکوور نزیکە یاخود نا، وەزیری بەرگری ئەمریکا، جێمس ماتیس گوتی: "قۆناغی ئێستا لەگەڵ کۆریا بە شێوەیەکی دیپلۆماسی بەڕێوەدەچێت. لەم ماوەیەی دواییدا زۆر هەنگاوی دیپلۆماسیمان بینیوە. بۆ نموونە دوایین سێ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ دراون".
جێمس ماتیس ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس لە کۆریای باشوور لە ئۆڵۆمپیادی زستانە کە وەرزشوانانی کۆریای باکووریش بەشداری دەکەن بە هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی وەسف کرد و رایگەیاند چاوپێککەوتنی مایک پێنس لەگەڵ بەرپرسانی کۆریای باکوور زۆر ئاساییە.
مایک پێنس بە گەشتێکی چەند رۆژە سەردانی کۆریای باشوور و ژاپۆن دەکات و لەو چوارچێوەیەدا ئەگەری هەیە لەگەڵ بەرپرسانی کۆریای باکووریشدا چاویان بەیەکتر بکەوێت.