Muhammet Ali Kemal
25 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2017
قاهیرە- AA
سوپای میسر بڵاویکردەوە ژمارەیەک لەو تیرۆریستانەی هێرشەکەی سەر مزگەوتی رەوزەیان لە شاری عەریش ئەنجامداوە، کوژراون.
گوتەبێژی سوپای میسر، عەمید تامر روفاعی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە هێزە ئاسمانییەکانیان چاودێریی تیرۆریستەکانیان کردووە و دوای ئەوەی لە ناوچەی حەدەسی عەریش پێگەکانیان دەستنیشانکردوون، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیان تێکشکاندووە کە هێرشەبەرەکانی تێدابوون.
تامر روفاعی جگە لەوەی کە باسی لە کوژرانی تیرۆریستانی نێو ئۆتۆمبێلەکان کردووە، هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە ژمارەی تیرۆریستە کوژراوەکان بڵاونەکردووەتەوە.
روفاعی لە راگەیەنراوەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەش کە لە کێوماڵکردنی ناوچەکەدا ژمارەیەک خانەی تیرۆریستیی کە چەک و جبەخانەیان هەبووە بە ئامانج گیراون.
رۆژی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریی بۆ سەر مزگەوتی رەوزەی شاری عەریش لەکاتی بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی، ٢٣٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠٩ کەسی دیکەش برینداربوون. بەهۆی هێرشەکەشەوە ٣ رۆژ ماتەمینی سەرانسەریی لە میسر راگەیەنرا.