Hemin Hüseyin
09 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2018
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، شۆڕش حەسەن رایگەیاند کە بۆ پڕۆسەکە ٢٩ هاوپەیمانییەتی و قەوارە خۆیان تۆمارکردووە و سێ ملیۆن و ٨٨ هەزار و ٦٤٢ کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرچوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی دهۆک و هەڵەبجە، دووپاتیشیکردەوە کە ئامادەکارییەکان بە شێوەیەکی باش بەڕێوەدەچن و هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراودا ئەنجام دەدرێت و تا ئێستا هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە.
شۆڕش حەسەن لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ ئەم پڕۆسەیە ٢٩ هاوپەیمانییەتی و قەوارە خۆیان تۆمارکردووە و سێ ملیۆن و ٨٨ هەزار و ٦٤٢ کەس مافی دەنگدانییان هەیە لە هەرچوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی دهۆک و هەڵەبجە".
بە پێی زانیارییەکان لە کۆی ئەم ژمارە دەنگدەرە، لە سنووری پارێزگای هەولێر ١ ملیۆن و ١٠٣ ھەزار و ٧٠٤ مافی دەنگدانییان هەیە، لە سنووری پارێزگای سلێمانیش ١ ملیۆن و ١٩٣ هەزار، لە پارێزگای دهۆکیش ٧٧٢ هەزار کەس و لە پارێزگای هەڵەبجەش ٣٠٠ هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە.
سەبارەت بە ژمارەی بنکەکانی دەنگدانیش، شۆڕش حەسەن گوتی: "ئێستا بنکەی دەنگدانەکان تەواو نەبووە و تا ئیستا ٢١٥ بنکەی لاوەکی هەیە و تا ١٥ی مانگ کراوە دەبن بەڕووی دەنگدەراندا، ئەو بنکانە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە کە لەو ژمارەیەش، ٧٦ بنکە لە هەولێر و ٨٤ لە سلێمانی و ٤٧ لە دهۆک و ٨ بنکەش لە هەڵەبجەدا هەیە".
شۆڕش حەسەن ئاشکرایشی کرد کە ئەنجوومەنی کۆمسیاران بە کۆی دەنگ بڕیاریداوە دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بێت و سیستەمی ئەلیکترۆنی پەسەند نەکراوە.
پرۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت لە کاتژمێر هەشتی بەیانی دەستپێدەکات و لە کاتژمێر شەشی ئێوارە کۆتایی دێت.