Rewa Mahmut Hasan
05 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2016
بۆگۆتا - AA
سەرۆکی کۆڵۆمبیا، خوان مانوێل سانتۆس رایگەیاند کە ئاگربڕی نێوان چەکدارانی فارک و هێزەکانی حکوومەت لە ٣١ی تشرینی یەکەمدا کۆتایی دێت.
دوای ئەوەی لە رێی ریفراندۆمەوە، رێککەوتنی هێزە چەکدارەکانی شۆڕشگێری کۆلۆمبیا (فارک) و حکوومەت رەت کرایەوە، جارێکی دیکە سەرۆکی کۆلۆمبیا، خوان مانوێل سانتۆس لە شاشەی کەناڵەکانەوە دەرکەوت.
سانتۆس ئاماژەی بەوەدا کە دوای پێدانی نەخێر بە رێککەوتنی ئاشتی لە ریفراندۆمدا لەلایەن خەڵکەوە، لەم مانگەدا ئاگربڕی لایەنەکان کە لەمانگی ئابدا راگەیەنرابوو، کۆتایی دێت.
سانتۆس لەکاتێکدا خۆی ئامادە کردووە بۆ دانیشتن لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکەی کە دژبە رێککەوتنەکە بوون، گوتی: "هیوادارم بەرەوپێشچوون هەبێت تاکو رێککەوتنی چارەسەریی بۆ پێکدادانەکان بەدیبێت".
چەکدارانی فارک کە دوای ئەنجامی ریفراندۆم وابەستەیی خۆیان بە ئاگربڕەوە راگەیاندبوو، نیگەرانن لە گوتەکانی سەرۆکی کۆلۆمبیا.
سەرکردەی فارک، رۆدریگۆ لۆندۆنۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و لە هەژماری خۆی، پەیامێکی بڵاو کردۆتەوە و دەپرسێت، ئایا لەمەودوا چی دەبێت؟ جەنگ بەردەوام دەبێت؟.
دوای دانیشتنی بەردەوام بۆ ماوەی چوار ساڵ، هەریەک لە حکوومەتی کۆلۆمبیا و چەکدارانی فارک، هەفتەی رابردوو گەیشتنە رێککەوتنێک و لەو چوارچێوەیەدا، لایەنەکان وابەستەیی خۆیان بە ئاگربڕی ٢٩ی ئابەوە نیشان دا، بەڵام هاوکات دوای رەتکردنەوەی رێککەوتنەکە مشتومڕ لەسەر ئەنجامی ئاگربڕەکە هاتە ئاراوە .