واشنتۆن
دادگای باڵای ئەمریكا، بە پێنج دەنگی بەڵێ بەرامبەر چوار دەنگی نەخێر، بڕیاریدا بە یاسایی كردنی هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازان لە هەموو شوێنێكی ئەو وڵاتەدا.
لەو بارەیەوە، دادوەر ئەنتۆنی كەنەدی رایگەیاند: "هیچ پێكەوە بوونێك بە هێندەی هاوسەرگیری مایەی خۆشبەختی نییە. (داواكاری هاوڕەگەزبازان بۆ هاوسەرگیری) نابێتە پەڵەیەك بەسەر دامەزراوەی هاوەسەرگیری، بەڵكو بەواتای پێكەوە ژیان، رێزدار كردنی یادەوەری هاوسەرەكان و پەیوەستیان بە یەكتریەوە دێت".
ئەو چوار دادوەرەی بە نەخێر دەنگیان بە یاساكە دا رایانگەیاند: "پێویستە ئەو بڕیارە لەلایەن ویلایەتەكان و دەنگدەرانەوە بدرێت".
بڕیارەكە، لە پاش نزیكەی 20 ساڵ لە هەوڵی هاوڕەگەزبازانی ئەمریكا دەركرا، هاوكات بڕیارەكە بووە مایەی دڵخۆشی پارێزەرانی مافەكانی ئەو هاوڕەگەزبازانەی لەبەردەم دادگادا چاوەڕوانی دەركردنی بریارەكەیان دەكرد.
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما، سەرەتا لە رێگەی تویتەرەوە و پاشانیش لەبەردەم كامێراكان روونكردنەوەی بڵاو كردەوە.
ئۆباما، لە توریتەردا نووسی: "ئەو بڕیارە، هەنگاوێكی گەورەیە بەئاراستەی هاوڕەگەزبازی"، پاشان لە باخچەی گوڵی كۆشكی سپیدا لە بەردەم كامیرەكاندا رایگەیاند "دادگای ئەمریكا، بەو بڕیارەی جارێكی دیكە سەلماندیەوە كە هەموو ئەمریكیەكان لەبەردەم یاسادا یەكسانن".
گوتیشی: "هەموو مرۆڤەكان، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە كێن و كێیان خۆش دەوێت، دەبێت مامەڵەی یەكسانیان لەگەڵدا بكرێت. ئەم بڕیارە سەركەوتنە بۆ ئەمریكا. بەو بڕیارە یەكێتی نێو خێزانمان كەمێكی دیكە بەهێز كرد".
پێش دەركردنی بڕیارەكە، هاوڕەگەزبازانی ئەمریكا دەیانتوانی لە واشنتۆنی پایتەخت و 36 ویلایەتی ئەو وڵاتەدا بە یاسا هاوسەرگیری بكەن.