واشنتۆن
لە دانیشتنی دادگای فیدراڵی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا دادوەر رۆیسە لامبەرس سزای بەندكردنی هەتا هەتایی بەسەر تاوانبار نیكۆلاس سلاتەن داسەپاند كە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 لە لایەن لیژنەی سوێندراوانی دادگاكەوە بە تاوانباری سەرەکی لە قەڵەم درابوو.
دادوەر هەروەها سزای 30 ساڵ بەندكردنی بەسەر ئەو سێ تاوانباری دیكەدا سەپاند كە لە لایەن لیژنەی سوێندراوانی دادگاكە بە كوشتنی ئەنقەستی خەڵك تاوانبار كرابوون و ئەو سێ حكومدراوە بریتین لە پاول سلۆوگ، ئیڤان لیبەرتی و دوستین هەئارد.
پارێزەری حكومدراوەكان دوای ئاشكرا بوونی بڕیاری دادگا ئاماژەی بەوە كرد كە تانە لە بڕیارەی دادگاكە دەدەن.
ئەو چوار تاوانبارە لە ئەیلوولی ساڵی 2007 بۆ كردنەوەی رێگا بۆ كاروانێكی سەربازی ئەمریكا تەقەیان لە خەڵك كردبوو و 14 كەسیان كوشتبوو و 12 كەسی مەدەنیشیان بریندار كردبوو. ئەو رووداوە بوو بە هۆی تووڕەبوونێكی جەماوەری لە عێراق و پارێزەری تاوانبارانیش ئاماژە بەوە دەكات كە كارمەندانی كۆمپانیای بلاك وۆتەر رووبەڕووی هێرشی چەكداران بوونەتەوە بۆیە بۆ بەرگریكردن لە خۆیان تەقەیان كردووە.
ئەو كۆمپانیا سەرەتا ناوی xe serviceو دواتر کرا بە بلاك وۆتەر و ئێستا ناوی بۆ Academi گۆڕاوە.
كۆمپانیای بلاك وۆتەر ساڵی 1997 لە لایەن كەسێك بە ناوی ئەریك پرینسەوە كە پێشتر لە چوارچێوەی هێزی دەریایی ئەمریكا و هێزی تایبەتی ئەمریكادا كاری كردووە دامەزراوە.
ئەو كۆمپانیایە كە بەرپرسیاری پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی دیپلۆماتە ئەمریكاییەكانی لە عێراق پێ راسپردرابوو بە هۆی رووداوەكانی 16ی ئەیلوولی ساڵی 2007وە بوو هۆی ئەوەی كە لە سەرانسەری جیهان تووڕەبوونی جەماوەری لە دژی ئەمریكا پەرە بستێنێت.