Zana Natık Kerem
19 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2019
کاراکاس ــ AA
وەزیری دەرەوەی ڤێنیزوێلا، خۆرخێ ئاریازا رایگەیاند کە نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن دەستیان بەسەر بارەگا دیپلۆماتییەکانی وڵاتەکەی لە ئەمریکادا گرتووە.
خۆرخێ ئاریازا راگەیەندراوێکی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەداوە کە بارەگا دیپلۆماتییەکانی ڤێنیزوێلا لە ئەمریکا کەسانێک دەستیان بەسەرداگرتووە کە لە لایەن حکوومەتی ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن، ھەروەھا وەک فەرمانبەری حکوومەتی ئەمریکاش مامەڵە و ھەڵسوکەوت دەکەن، ئەویش لە پێناو بەدەستھێنانی دەستکەوتی سیاسی.
وەزیری دەرەوەی ڤێنیزوێلا لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بە پەیوەندییە دیپلۆماتییە نێودەوڵەتییەکان داوە و روونیکردووەتەوە کە ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بارەگا دیپلۆماتییەکان بەکار بھێنێت، جگە لەو کەسانە نەبێت کە لە لایەن حکوومەت و بەپێی دەستوور، ھەروەھا سەرۆکی وڵات، نیکۆلاس مادورۆ دیاریکراون.
وەزیری دەرەوەی ڤێنیزوێلا، خۆرخێ ئاریازا باسی لەوەشکردووە کە دەستبەسەرداگرتنی بارەگا دیپلۆماتییەکانی وڵاتەکەی لە ئەمریکا لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، پێشێلکارییەکی روونی رێککەوتنەکەی ڤیەننای تایبەت بە پەیوەندییە دیپلۆماتییە نێودەوڵەتییەکانە.
خۆرخێ ئاریازا ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە وێرای بچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤێنیزوێلا، بەڵام ھێشتا شکۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کاراکاس پارێزراوە بۆیە لەوبارەیەوە جەختیکردەوە کە ئەمریکاش ناچارە، دەبێت شکۆی بارەگا دیپلۆماتییەکانی ڤێنیزویلا لە واشنتۆن بپارێزێت.
لە کۆتاییدا ناوبراو جەختیکردووەتەوە کە ئەگەر ئەمریکا لەسەر ھەڵوێستەکانی بەردەوام بێت، ئەوا حکوومەتی ڤێنیزوێلاش مافی خۆیەتی رێکاری پێویست و گونجاو بگرێتەبەر.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا کۆنسولخانەی ڤێنیزوڵلا لە نیویۆرک و دوو بارەگای سەربە وەزارەتی بەرگریی ڤێنیزوێلا لە واشنتۆن بۆ کارلۆس ڤیکۆ نوێنەرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤێنیزوێلا، خوان گوایدۆ تەرخانکردووە.
لە ٢٣ی مانگی کانوونی دووەمی رابردووەوە، ڤێنیزوێلا رووبەڕووی قەیران بووەتەوە دوای ئەوەی خوان گوایدۆ خۆی وەک سەرۆکی ئەو وڵاتە ناساند و داننانێت بە شەرعیەتی نیکۆلاس مادورۆ وەک سەرۆکی وڵات.
ئەو قەیرانە کە تا ئێستا بەردەوامە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، بەو پێیەی ھەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، کۆلۆمبیا، پیرۆ، ئیکوادۆر، پاراگوای، بەڕازیل، چیلی، پەناما، ئەرجەنتین، کۆستاریکا و گواتیمالا دانیان ناوە بە خوان گوادیۆدا وەک سەرۆکی کاتیی ڤێنیزوێلا. لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەک وڵاتی دیکە لەنێویاندا رووسیا، تورکیا، مەکسیک، بۆلیڤیا و چین ھێشتا نیکۆلاس مادورۆ وەک سەرۆکی ڤێنیزوێلا دەناسن.