Mazın Asad
04 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2015
ڤیەننا
کۆبوونەوەی ١٦٠مینی وەزیرانی نەوت لە ناوەندی گشتی ئۆپێک لە ڤیەننای پایتەختی سویسرا ماوەی پێنج سەعاتی خایاند.
دوای کۆبوونەوەکە وەزیری نەوتی ئێران، بێژەن نامدار لە روونکردنەوەیەکیدا ئاماژەی بەوە دا کە بڕیاری گۆڕانکاریکردن لە ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت نەدراوە و کۆبوونەوەکان لە نێوان وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک درێژەی ھەیە و گوتیشی: "بڕیار نەدراوە و کۆبوونەوەکان درێژەی دەبێت".
وەزیری نەوتی عێراق، عادل عەبدلمەھدی رایگەیاند کە وڵاتانی ئەندام بڕیاریان لەسەر رەوچاوکردنی ستراتیژییەکی گشتی داوە.
سەرۆکی کۆنفڕانسی ئۆپێک و وەزیری نەوتی نێجیریا، ئیمانوێل ئیبێ کاچیکۆ دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و رایگەیاند، بڕیاری نوێیان دەرنەکردووە و گۆڕانکاری لەسەر ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتیش نەکراوە.
کاچیکۆ ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەدا ئاشکرا کراوە کە گەشەکردنی ئابووری جیھان بۆ ساڵی ٢٠١٥ سەدا ٣.١ دەبێت و راشیگەیاند کە لەو چوارچێوەیەدا داواکاری نەوتی جیھان بۆ رۆژێک ١.٣ ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە.
سەرۆکی ئۆپێک جەختیشی کردەوە کە ئەرکیان بۆ سەقامگیری و ھاوسەنگی لە نێوان وەبەرھێنەران و بەکارھێنەران لەسەر شانە و زیاتر گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا وڵاتانی ئەندام بڕیارییان دا لە نزیکەوە چاودێری پێشھاتەکانی مانگەکانی داھاتوو بکەن".
لە لایەکی دیکەوە سکرتێری گشتی ئۆپێک، عەبدوڵا ئەلبەدری لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک لەبارەی دەنگۆکان رووسیا کە گوایە تورکیا بازرگانی نەوت لەگەڵ داعش دەکات، ناوبراو گوتی: "ھیچ بەلگەیەک نییە کە داعش لەگەڵ وڵاتێک بازرگانی نەوت بکات. ئێمە تەنھا پەیوەندیمان بە لقەکان و فڕۆشیارەکان ھەیە. دەنگۆکانی پەیوەندی داعش لەگەڵ وڵاتێک بێ بنەمایە".
کۆبوونەوەی ١٦٩مینی وەزیرانی نەوتی ئۆپێک لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە ڤیەننا بەڕێوە دەچێت.