Zana Natık Kerem
30 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2016
لەگەڵ دەستپێکردنی كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپێك لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوویەوە و لە سەرووی 50 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەكرا.
دوای لێدوانی وەزیرانی نەوتی وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپێك، نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتە 50 دۆلار و 41 سەنت.
بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە، وەزیرانی نەوت و وزە لە رێكخراوی ئۆپێك كە 14 وڵات ئەندامە تیایدا لە لێدوانی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو كە گەشبیینن بەوەی لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا لەبارەی جێگیركردنی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بگەنە رێككەوتن.
لە كۆبوونەوەی جەزائر كە لە 28ی مانگی رابردوودا بەڕێوەچوو وەزیرانی نەوتی وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپێك لەسەر ئەوە رێككەوتن كە ئاستی بەرهەمی نەوت رۆژانە لە 33 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل بۆ 33 ملیۆن و 33 هەزارو 500 بەرمیل كەم بكەنەوە.
پێشبینی دەكرێت لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارشەممەدا، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك لەسەر كەمكردنەوە یان سڕكردنی ئاستی بەرهەمی نەوت رێكبكەون لە پێناو ئەوەی نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بۆ ساڵی داهاتوو لە نێوان 60 بۆ 65 دۆلار جێگیر ببێت.