Ekip,Hozan Mohammed Jabbar
09 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2023
کیێڤ - AA
وەزارەتی وزەی ئۆکراینا رایگەیاند، شەوی رابردوو رووسیا هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی وزە لە حەوت ناوچەی ئۆکراینا.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە شەوی رابردوو رووسیا "هێرشێکی دڕندانەی" دیکەی بۆسەر ژێرخانەکانی وزەی ئۆکراینا ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ئەنجامی هێرشەکاندا، یەکێک لە هێڵەکانی کارەبای وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژییا، زیانێکی زۆری بەرکەوت، لەئێستادا وێستگەکە بە مۆلیدەی گازوائیل کار دەکات".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "رووسەکان جیهانیان گەیاندە لێواری کارەساتێکی ئەتۆمی" و راگەیەندراوە کە ئەم هێرشانە رۆژێک دوای ئەو دانوستانانە ئەنجامدران کە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە داماڵینی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا لە سەربازان، رێکخرابوو.
باس لەوەش کراوە کە تا کاتژمێر ٠٦.٣٠ی ئەمڕۆ، هێرش بۆسەر دامەزراوەکانی وزەی کیێڤ، مایکۆڵایڤ، خارکێڤ، زاپۆریژییا، ئۆدێسا، دنیپرۆپێترۆڤسک و ژیتۆمیر بەردەوام بووە.
لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای وزەی ئەتۆمیی ئێنێرگۆاتۆمی ئۆکراینی رایگەیاند کە توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکانی وزەی ئەتۆمی پیڤدنۆکراینسک، خمەلنیتسکی و ریڤنە کە نۆ هەزار مێگاواتە، بەهۆی مەترسی هێرشی مووشەکییەوە بۆ چوار هەزار و ٧٠٠ مێگاوات کەمکراوەتەوە.